لیژنەی لێکۆڵینەوە: بە درۆن هێرشکراوەتە سەر کۆرمۆر و هێرشکەران ناسراونەتەوە

ئەنجامى لیژنەى لێکۆڵینەوە لە هێرشى سەر کێڵگەى کۆرمۆر دەریخستووە کە هێرشەکە بە دوو درۆن کراوە و بکەرانیشى ناسراون، راسپاردەى لیژنەکە وابووە کە وەزارەتى بەرگریى عێراق سیستمى بەرگرى بۆ پاراستنى کێڵگەکە دابنێت.

كانوونی یەکە 4, 2025 - 10:24
لیژنەی لێکۆڵینەوە: بە درۆن هێرشکراوەتە سەر کۆرمۆر و هێرشکەران ناسراونەتەوە
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، رۆژی چوارشەممە 3ی کانوونی دووەمی 2025، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشکردنە سەر کێڵگەی کۆرمۆر بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کۆبوونەوە و ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوەکەیان تاوتوێ کردووە و پەسەند کراوە.
 
بە گوێرەی ئەنجامی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە، هێرشەکە لە رێگەی دوو درۆنەوە کراوە و یەکێکیان بەر کێڵگەکە کەوتووە و دووەمیان لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە.
 
پارچەی دوو درۆنەکە براونەتە بەڵگەی تاوان بۆ وەرگرتنی زانیاریی نێو ئامێری میمۆریی دوو درۆنەکە.
 
دوو درۆنەکە لە باشووری کێڵگەکەوە لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی قەزای خورماتوو ئاراستە کراون و ئەمە 11ـەمین ھێرشە کە لەو ناوچەیەوە کرابێتە سەر کێڵگەکە.
 
بە گوێرەی ئەنجامەکان، گەیشتوون بەو کەسانەی کە ئەو هێرشەیان کردووە، کە بە کەسانی "دەرچوو لە یاسا" ناوبراون و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەندێکیان هەبووە و هێزە ئەمنییەکان بەدوایاندا دەگەڕێن. 
 
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "لەدوای دیاریکردنی ئەو کەسانەی کە هێرشەکەیان کردووە، هێزە ئەمنییەکان دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی بەڵگەی تەکنیکی بە مەبەستی تۆمەتبارکردنیان و بردنیان بۆ بەردەم دادگە.
 
لیژنەی لێکۆڵینەوەکە راسپاردەی چەند رێوشوێنێکی خستووەتەڕوو بۆ پاراستنی کێڵگەی کۆرمۆر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان:
 
1- دووبارە بڵاوکردنەوەى هێزە ئەمنییەکان لە کەرتی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی سەلاحەدین بۆ پڕکردنەوەی هەر بۆشاییەکی ئەمنی و بەردەوامیدان بە هاوئاهەنگیی نێوان دەزگا ئەمنیی و هەواڵگری و ئەو هێزانەی کە ئەو ناوچەیان بەدەستەوەیە، لەگەڵ گرەنتیکردنی یەک سەرکردایەتییان.
 
2- فەرماندان بە وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و دەستەی حەشدی شەعبی بە گۆڕینی فەرماندەکانیان لەو ناوچانە بە فەرماندەی بەتوانا.
 
3- پەرەپێدان و بەهێزکردنی کەناڵەکانی پەیوەندیی هەواڵگری لەنێوان دەزگا هەواڵگرییەکانی فیدراڵ و هاوتاکانیان لە هەرێمی کوردستان.
 
4- وەزارەتی بەرگری سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کێڵگەکە دابین بکات و بیپارێزێت.
 
5- تووندکردنەوەی رێکارەکانی بەکارهێنان و گواستنەوەی درۆن بە هەموو جۆرەکانییەوە، کە دەبێت بە رەزامەندیی فەرمیی لایەنی پەیوەندیدار بێت.
 
6-  داوا لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بکرێت کە لیژنەیەک لەگەڵ ئاژانسە ئەمنیی و هەواڵگرییەکان پێكبهێنێت بۆ بەدواداچوونی لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کاری لیژنەی لێکۆڵینەوەکە بەردەوامە تاوەکو گەیشتن بە سەرجەم ئەو کەسانەی کە لەو رووداوەوە گلاون، کە سەروەریی عێراق و سامانە ئابوورییەکەی بە ئامانج گرتووە و ئەوە کارێکی تیرۆریستیی مەترسیدارە بە مەبەستی لێدان لە هەوڵەکان بۆ هێنانە کایەی سەقامگیریی ئەمنی و ئابووری، و ئەم کارە تیرۆریستییە بەبێ سزادانی بکەرانی تێناپەڕێت و رێوشوێنی یاسایی تووند لە دژیان دەگیرێتەبەر".
 
رۆژی 26ی تشرینی دووەمی 2025 هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە کۆگەیەکی گەورەی کێڵگەکە ئاگری گرت و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەکە وەستا. 
 
کاتێک بەرهەمهێنانی گاز وەستا، بەرهەمهێنانی کارەباش لە 24 کاژێرەوە کەمبووەوە بۆ 5 کاژێر لە رۆژێکدا. دوای دوو رۆژ لە هێرشەکە بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی ئەمنی سەردانی کێڵگەی کۆرمۆریان کرد و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد. 
 سەرچاوە:رووداو