شەپۆلێکی گەرمای 'سووتێنەر' روو لە عێراق دەکات؛ پلەی گەرما 50 تێدەپەڕێنێت
دەستەی کەشناسیی عێراق هۆشداری دەدات لە هاتنی شەپۆلێکی نوێی گەرما بۆ پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق و رایدەگەیێنێت، لە هەفتەی داهاتوو پلەکانی گەرما 50 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنن.

عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ی ئابی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی دیکەی گەرما روو لە عێراق دەکات، بەتایبەتی پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاست."
جابری گوتیشی، پلەی گەرما لەو شەپۆلەدا دەگاتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی، بەتایبەتیش لە پارێزگاکانی بەسرە و میسان. ئاماژەی بەوەشکرد، کاریگەریی شەپۆلەکە رەنگە تاوەکو کۆتایی هەفتەی داهاتوو بەردەوام بێت.
لەبارەی بە کەشوهەوای ئەمڕۆ، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما لە چەند پارێزگایەک 50 پلە تۆمار بکەن.
پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ (پێنجشەممە):
بەسرە و زیقار: 50 پلەی سیلیزی
موسەننا و میسان: 49 پلەی سیلیزی
نەجەف، دیوانییە، واست و بابل: 48
پلەی سیلیزی کەرکووک: 45 پلەی سیلیزی
هەولێر: 44 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 43 پلەی سیلیزی
دهۆک: 41 پلەی سیلیزی
بە گوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە گشتی ساماڵ دەبێت. خێرایی با لەنێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا دەبێت و پلەی گەرماش بەراورد بە دوێنێ بە (1-2) پلە نزم دەبنەوە.
سەبارەت بە سبەی، هەینی، 8ی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئاسمان ساماڵ دەبێت، ئەگەرى بەرزبوونەوەى تۆز و خۆڵێکى کەم هەیە.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی (هەینی):
گەرمیان: 44 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 43 پلەی سیلیزی
هەولێر: 42 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 42 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 41 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 41 پلەی سیلیزی
دهۆک: 40 پلەی سیلیزی
سۆران: 39 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 32 پلەی سیلیزی
سەرچاوە: ڕووداو