رۆژی یەکشەممە 05-10-2025 محەممەد رەزا ئەسغەری، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ بەرهەمهێنانی سێو، پارێزگاکە لەسەر ئاستی ئێران یەکەمە و ساڵانە نزیکەی یەک ملیۆن تۆن سێوی دەبێت.
بە گوتەی ئەسغەری، 60%ی سێوی ورمێ هەناردە دەکرێتە وڵاتانی دیکە و 40%ـەکەی دیکە، بۆ بەکارهێنانی نێوخۆییە.
سێوی ورمێ دەگاتە رووسیا، چین، هیند، پاکستان و وڵاتانی کەنداو. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکە دەڵێت، هەوڵ دەدەن بازاڕی زیاتر بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی باخەوانانیان بدۆزنەوە.
لە پارێزگاکە هەر هێکتارێک باخ، نزیکەی 18 تۆن سێوی دەبێ. محەممەد رەزا ئەسغەری دەڵێت، تێچووی بەرهەمهێنان، ناسەقامگیریی بازاڕ، کەمئاوی و گۆڕانی کەشوهەوا، رێگرن لەوەی کە باخەوانان زیاتر پەرە بە بەرهەمەکە بدرێت.
پارێزگای ورمێ 800 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی هەیە و ساڵانە سەرووی شەش ملیۆن تۆن بەروبوومی کشتوکاڵی بەرهەم دەهێنێت. هەروەها 122 هەزار هێکتار لە رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکانی رەز و باخن، کە زیاتر لە 65 هەزار هێکتاریان کراونەتە سێو.