زنجیرە درامای گەندەڵی لە ژیانماندا !!
محمد خۆشناو
گەندەڵی دوژمنی ژمارە یەکی پێشکەوتنە ، ئایا هەر کاربەدەستانی دەسەڵات و حکومەت و سیاسیەکان گەندەڵن ؟! گەندەڵی لەناو کۆمەڵگای کوردستانی ، بۆتە کەلتوورێکی پێکەوەژیان لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیە ، ماوەیەک لەمەوبەر برادەرێکی مارکسی ، باسی لە کێشە و سەرئێشەی دروستکردنی خانووەکەی بۆکردم و ، پێی ڕاگەیاندم ، لەئێستاوە چیتر بڕوام بە دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریا نەما و ، هەموو ئەوانەی بەشدار بوون لە دروستکردنی خانووەکەم ، لە کرێکار و پاسەوان و وەستا و ئەندازیارەوە بگرە تا دەگاتە فەرمانبەرانی تۆڕی جالجاڵۆکەی شارەوانی گەندەڵیەکانیان چیتر کەمتر نیە لە گەندەڵیی سیاسیەکان ، بەداخەوە کە دەچیتە هەر فەرمانگەیەک یان پزیشکێک یان مامۆستای ئایینی یان دوکانێک….تاد وەک نێچیرێک سەیردەكرێیت کە پەلامارت بدەن !! هەموویان بەجۆرێک لە جۆرەکان گەندەڵن ، واتە هەموو چین و تووێژەکان بەشداری گەندەڵین ، تەنها خانەنشینەکان نەبێت ، چونکە هیچ کارێکیان لەدەست نیە ، هەموو ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێت کە متمانە نەماوە ، بەڕاستی هەموو خەتاکە خۆمانین ، ئەگەر خەتای خۆمان نەبێت ، زۆر جار ژیاننامەی ئەو کەسانە دەزانین کە خۆیان پاڵاوتووە کەچی هەڵیاندەبژێرین بۆ پەرلەمان ، دەنگمان داونەتێ کەچی دەشزانین هەندێکیان شیاوی بەخێوکردنی دوو بزنە بەدۆ نین و دەستنادەن بۆ یاسادانان ، پرسیارەکە لێرەوەیە لەبەرچی بەگشتی مرۆڤ گەندەڵی دەکات ؟ و ، لەبەرچی بەتایبەتی کاربەدەست لە پێگەی سەرکردایەتی گەندەڵی دەکەن ؟ لە تێڕوانینێکی دڕامی کۆکەرەوەی نێوان تڕاژیدیا و کۆمیدیا و کۆمیدیای ڕەشدا ، ئەوە دەبینین کە هەندێک کەس یان هەندێک کاربەدەست هەر لەسەرەتاوە گەندەڵن و ، توانیویانە دیمەنی گەندەڵیەکەیان بشارنەوە و کاتێک ئەو کاربەدەستە کارێک یان پۆستێکی سەرکردایەتی وەردەگرێت و ، هەستبەوەدەکات کە ئاستی ماددی زۆر کەمترە لەو کەسانەی کە مامڵەیان لەگەڵ دەکات ، واتە لەو کەسانەی کە تەمەننا ئەوە دەکەن لە خزمەتی دابن بەهۆی سەڵاحیاتی پۆستەکەی کە بە ئیجابی یان سلبی کاریگەری لەسەر بەرژەوەندیەکانیان دەکات ، بۆیە کاربەدەستەکە بیرلەوەدەکاتەوە کە ئەو ئێستا دەسەڵاتی هەیە بێئەوەی سامانێکی وای هەبێت کە زامنی ژیانێکی ئاسوودە و خۆشگوزەران بۆ خێزانەکەی بکات کە شیاوی شوێن و پێگە باڵاکەی بێت ، هەروەها هۆکارێکی تری گەندەڵی کەسان بەتایبەتی کاربەدەستان ئەوەیە کە کاربەدەستەکە دوای ڕۆیشتنی تەمەن لە خوێندن و کار لەپێناوی ژیانێکی پیشەیی سەرکەوتوو هەست بە بێهیوایی دەکات بێئەوەی چێژ و خۆشی لەو شتە مەعنەوی و ماددیانە وەرگرێت کە دوای وەرگرتنی پۆستەکەی دەرگای بۆ کراوەتەوە و ، ئەمەیە وایلێدەکات کە بڕوا بە قسەکەی« هینری کیسنجەر » هزرمەندی دبلۆماسی بهێنێت کە دەڵێت : ( دەسەڵات گەورەترین چالاککەرەوەی « منشط » سێکسیە ) ، ئەم هەستە وا لە کاربەدەست دەکات کە لەو قۆناخەی تەمەنیدا پێش ئەوەی کاتەکەی درەنگ بێت و لەدەستبچێت زۆر چڵێسی دەسەڵات و سامان دەبێت و هەوڵی چێژوەرگرتن لە هەموو خۆشیەکانی ژیان دەدات ، جا لەبەرئەوەی خۆشی و چێژ بێ سامان نابێت بەتایبەتی دوای نەمانی دەسەڵات ، بۆیە دوای دەستبەردابوونی لە پۆستەکەی دەبێت پارەی شیاو بەدەستبێنێت بۆ زامنکردنی ژیانێکی خۆش بۆ ئاییندە بۆ خێزانەکەی .
لەسەر ئەو بنەمایە پاسەوانیکردن لە گەندەڵکار یەکێکە لە هۆکارە بابەتیە دەرەکیەکان بۆ بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە ژیانمان و لە دامەزراوەکانمان و ، باشترین میکانیزمی کاریگەریش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەوەیە ، کە لەسەرەتاوە ڕێگە بە کەسی گەندەڵکار یان ئەوەی ئامادەی گەندەڵیە و هیچ لێهاتوویی و شایستەی پیشەیی و ئەخلاقی تێدا نیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە سەرکردایەتیە نەدرێت و ، ڕێگە نەدرێت بە هەبوونی بوارێکی پاسەوانیکردن لە تەنیشت کاربەردەست ، چونکە بە سروشتی کەسایەتی و ئەو ئامەدەییە تایبەتیەی کە هەیەتی فاکتەری یەکلاکەرەوەیە بۆ بڵاوکردنەوەی گەندەڵی و بۆ هەموو ئەو چوارچێوەییەی کە تێیدایە و هەرەوها بۆ چالاکردنی ئامادەباشی بۆ گەندەڵی لەکن هەر مرۆڤێک یان هەر کاربەدەستێک .