دێربیی کوردستان.. نەورۆز و زاخۆ دەیانەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆمار بکەن

یاریی دێربیی کوردستان لەنێوان هەردوو یانەی زاخۆ و نەورۆز لە یاریگەی زاخۆ بەڕێوەدەچێت و هەردوو یانە دەیانەوێت دووەم بردنەوە لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا تۆماربکەن.

تشرینی یەکە 4, 2025 - 16:09
دێربیی کوردستان.. نەورۆز و زاخۆ دەیانەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆمار بکەن
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی خولەکەیە، ئەمە یەکەم یاریی ئەم وەرزەیە لە یاریگەی زاخۆدا دەکرێت دوای ئەوەی یاریگەکە نۆژەنکرایەوە و یاریی بەرامبەر جەوییەی لە یاریگەی دهۆک ئەنجامدا، بەڵام ئەمڕۆ یانەکە دەگەڕێتەوە نێو یاریگەی خۆی.
 
سەرجەم یاریزانەکانی زاخۆ بۆ یارییەکە ئامادەن جگە لە ناسڕ محەممەدو کە بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور و هادی ساڵح کەریم کە پێکانی هەیە، یانەکە بە ورەیەکی بەرزەوە خۆی بۆ رووبەڕوبوونەوەی نەورۆز ئامادەکردووە، دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمی جامی کەنداودا سەرکەوتنێکی گەورەی بەرامبەر قادسیەی کوێتی بەدەستهێنا.
 
زاخۆ لە سێ گەڕی رابردووی خولی عێراقدا بردنەوەیەک و دوو دۆڕانی هەیە، هاندەرانی یانەکە چاوەڕێن یانەکەیان ئەنجامە باشەکەیان لە دەستپێکی جامی کەنداودا بباتە نێو خولی عێراق و دووەم بردنەوە تۆماربکات.
 
یانەی نەورۆز دوای دوو دۆڕانی لەسەریەک دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست کاتێک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی زاخۆ یاری دەکات.
 
یانەکە رۆژی هەینی چووە دهۆک و دوایین مەشقەکانیشی بۆ یارییەکە لە یاریگەی دووەمی دهۆک ئەنجامدا، ئەمڕۆ یانەکە دەچێتە زاخۆ و دەیەوێت بە دڵخۆشییەوە بگەڕێتەوە سلێمانی.
 
تیپەکەی یاسین ئاراس بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە، یاسین ئاراس پەیوەندییەکی خزمایەتیی باشی لەگەڵ زاخۆییەکان هەیە و خۆی خەڵکی قەرەیازی ئەرزروومی باکووری کوردستانە، بەڵام هاوژینەکەی زاخۆییە و چاوەڕواندەکرێت زاخۆییەکان پێشوازییەکی جوان لە خۆی و تیپەکەی بکەن.
 
نەورۆز دوو یاریی رابردووی بەرامبەر شورتە و نەفت میسان دۆڕاندووە، لە گەڕی یەکەمدا سەرکەوتنی بەرامبەر کارەبا بەدەستهێنابوو و دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست و سێ خاڵی دیکە بباتەوە، بەڵام ئەرکیان ئاسان نییە.