مووچەی مانگی ئایار گەیشت؛ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: لە چەند کاژێری داهاتوودا لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە
وەزارەتی دارایی رایگەیاند، تەمویلی مووچەی مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، "لە کاژێرەکانی داهاتوودا لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە."
رۆژی پێنجشەممە، 24ی تەممووزی 2025، وەزارەتی داراییی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بڕی 974 ملیار و 813 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
"وەزارەتی دارایی دەڵێت، "سبەی، هەینی، 25ی تەممووز دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت."
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە رووداوی گوت، "لە چەند کاژێری داهاتوودا لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە و لیستەکە بە هەمان شێوەی مانگەکانی پێشوو دەبێت و هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاوی تێدا ناکرێت."
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی،: "لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دابەش دەکرێت."
رۆژی 22ی تەممووز، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاتێک مووچەی مانگی پێنج خەرج کرا، واتە مووچەی مانگەکانی داهاتووش (شەش و حەوت) خەرج دەکرێت."
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رۆژی 22ی تەممووز رایگەیاند، 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی عێراق.
نزیکەی سێ مانگە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچە و شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە؛ دوایین جار رۆژی 13ی ئایاری 2025، لیستی مووچەی مانگی نیسان بڵاوکرایەوە.
سەرچاوە: ڕووداو