کەشناسی: سبەی رەشەبا، برووسکە و تاوەبارانە و کەش ناسەقامگیرە
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە بە ناونیشانی "هۆشداری" بڵاوی کردووەتەوە، رایگەیاند، سبەی لە هەندێک ناوچە خێرایی با دەگاتە 50 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا.

لە "هۆشداری"ـیەکەدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 01-05-2025 بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "سبەی کەشوهەوای ناوچەکە؛ عێراق و هەرێمی کوردستان ناسەقامگیر دەبێت. کەشەکە رەشەبا؛ برووسکە و تاوەبارانی پچڕ پچڕ دەبێت، کە خێرایی با لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا زیاد دەکات و لە هەندێک شوێندا دەگاتە زیاتر لە 50 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سبەی لە ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان رێژەی تۆزوخۆڵ زیاتر دەبێت، هەروەها پێشبینی ژمارەیەکی زۆر برووسکە دەکرێت بۆ ئاگاداری. بۆ کاتەکانی ئێوارە خێرایی با ئاسایی دەبێتەوە".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی خێرایی با زیاتر لە سنووری سلێمانی، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین چالاکترە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان". محەممەد کەمال پێشبینی کرد، بەهۆی بەهێزی خێرایی باوە، سبەی زیان بەو دارودرەختانە بگات کە لاوازن و بیانشکێنێتەوە. ئەو کەشناسە داوای لە هاونیشتمانییان کرد: "سبەی برووسکە چالاکە، باشتروایە هاونیشتمانییان بۆ سەیران نەچنە دەرەوە و بۆ پاراستنی خۆیان لە ماڵەوە بن".
هەر ئەمڕۆ لوقمان موفتی، پسپۆڕی سیاسەتی کشتوکاڵ و شارەزای کەشوهەوا بە رووداوی گوت، سەرچاوەی ئەو شەپۆلە رەشەبا و خۆڵبارینەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، میسرە. لوقمان موفتی گوتی: "تۆزوخۆڵ و کەشوهەوای ناسەقامگیر رۆژانی پێنجشەممە تاوەکو یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت".
لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئاسمان پەڵەهەور دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بوونی کەمێک تۆز و خۆڵ" بەگوێرەی کەشناسی هەرێمی کوردستان، سبەی گەرما 3 پلە بەراورد بە ئەمڕۆ دادەبەزێت و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 34 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 29 پلەی سیلیزی
دهۆک: 29 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 36 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 28 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 30 پلەی سیلیزی
سۆران: 24 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 19 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 36 پلەی سیلیزی
سەرچاوە: ڕووداو