بەشێکی زۆر لە رۆژنامەڤانان لە پێشکەوتنی ژیریی دەستکرد نیگەرانن

زیاتر لە نیوەی رۆژنامەڤانان دەترسن لەوەی کارەکانیان لە داهاتوودا بکەوێتە مەترسییەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو پێشکەوتنە خێرایەی لە ژیریی دەستکرد بەدەستهاتووە.

ئارەی 1, 2025 - 16:32
بەشێکی زۆر لە رۆژنامەڤانان لە پێشکەوتنی ژیریی دەستکرد نیگەرانن

لە راپرسییەکی ناوەندی "پرێسئەت"ـی بەریتانیادا هاتووە، 57.2%ـی رۆژنامەڤانان نیگەرانی ئەوەن ژیریی دەستکرد لە ساڵانی داھاتوودا شوێنی کاری زیاتری رۆژنامەڤانی بگرێتەوە. هەمان راپرسی دەریدەخات کە زیاتر لە 70%ـی رۆژنامەڤانان نیگەرانن لەوەی ژیریی دەستکرد شوێنیان بگرێتەوە.

ژیریی دەستکرد جۆرێکی دیکە لە نیگەرانی دروست کردووە.

راپرسییەکە باس لەوە دەکات، زیاتر لە 80%ـی رۆژنامەڤانان نیگەرانن لەوەی ھەواڵە بەرھەمھێندراوەکان لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە لایەنگرانە یان جیاکاری بن و یەکێکیشیان دەڵێت: "من هەر ئێستاش ئەمەم بینیوە." یەکێک لە رۆژنامەڤانەکان کە بۆچوونی وەرگیراوە، دەڵێت: "ژیریی دەستکرد ئامراز نییە، بەڵکو ھەڕەشەیە".

 رۆژنامەڤانێکی دیکە نووسیویەتی: "ژیریی دەستکرد لە نێوەڕۆک، مرۆڤایەتی و رەوشت تێناگات".

 بەشێکی دیکە لە رۆژنامەڤانان ترسی زیاتر و گەورەتریان هەیە، بە جۆرێک زیاتر لە 60%یان باوەڕیان وایە ژیریی دەستکرد دەتوانێت ببێتەھۆی لەدەستدانی ناسنامەی مرۆڤ و سەربەخۆیی لە بەرهەمهێنانی ھەواڵدا؛ ھەندێک ھۆشدارییان داوە کە نێوەڕۆکی بەرھەمھێندراو لەلایەن ژیریی دەستکردەوە مەترسی ئەوەی ھەیە رۆژنامەڤانی لە رۆحەکەی داماڵێت.

 30.4%ـی بەشداربووانیش رایانگەیاندووە، ژیریی دەستکرد وەک مەترسی بۆ سەر رۆژنامەڤانیی بنکۆڵکاری دەبینن. دژبەیەکییەکە لەوەدایە، لەکاتێکدا ئەو رێژە زۆرە لە رۆژنامەڤانان ژیریی دەستکرد وەک "وێرانکەر" دەبینن، ئەوانی دیکە وەک دەرفەت ناوی دەبەن.

نزیکەی 50%ـی رۆژنامەڤانەکان کە بۆچوونیان وەرگیراوە و باوەڕیان وایە ژیریی دەستکرد دەتوانێت رۆڵی نوێ لە رۆژنامەڤانییدا بگێڕێت، بەتایبەتی لە بەڕێوەبردن یان سەرپەرشتیکردنی ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی زۆر دڵنیا نین لەوەی ژوورەکانی ھەواڵ بۆ تەکنەلۆجیاکە تەواو ئامادە بن.

سەرچاوە: ڕووداو