کۆمیسیۆن: کاخەزی دەنگدان لە دەرەوەی عێراق چاپ دەکرێت وێنەی ناگیرێتەوە

سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، کاخەزی دەنگدان بە تایبەت دروستکراوە کە لە جۆری کاخەزی دراو دەچێت و "ساختەکردنی ئەستەمە". جەختیشی کردەوە کە "لەبەرگیراوە (کۆپی) کاخەزە تایبەتەکە لەلایەن ئامێری جیاکردنەوە و هەژمارکردنی دەنگەکانەوە وەرناگیرێت و ئامێرەکە قبووڵی ناکات."

ئاب 12, 2025 - 14:12
کۆمیسیۆن: کاخەزی دەنگدان لە دەرەوەی عێراق چاپ دەکرێت وێنەی ناگیرێتەوە

رۆژی سێشەممە، 12ـی ئاب عیماد جەمیل بە رووداوی گوت: "کاخەزی دەنگدان لە دەرەوەی عێراق چاپ دەکرێت و تایبەتمەندیی ئەمنی بەرزی هەیە."

بە گوتەی عیماد جەمیل، کاخەزەکان ژمارەی ریزبەندییان لەسەرە و بەپێی ریزبەندییەکی روون و ئاشکرا رادەستی بنکەکانی دەنگدان دەکرێن.

 سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆن گوتیشی، "ئەگەر کاخەزەکانی دەنگدان دووبارە چاپ بکرێنەوە، ئامێرەکانی دەنگدان نایانخوێننەوە."

 بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.

 سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆن ئەوەشی خستەڕوو کە گواستنەوەی کاخەزی دەنگدان لە چوارچێوەی پلانێکی لۆجستی تۆکمە و بە رێکاری ئەمنیی تووند دەگوازرێنەوە بۆ بنکە و وێستگەکانی دەنگدان.

عیماد جەمیل روونیکردەوە، کاخەزەکان لە شوێنی تایبەت و پارێزراودا هەڵدەگیرێن و 72 کاژێر پێش دەستپێکردنی پرۆسەی دەنگدان بەسەر ناوەند و وێستگەکاندا دابەش دەکرێن.

پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت کە 320یان گشتی و 9یەکەی دیکە کۆتان. 854 کەس خۆیان بەربژێر کردووە و 76 کەس بەربژێری تاک و سەربەخۆن.

سەرچاوە: ڕووداو