وردەکاریی ئەنجامەکانی سەرژمێریی عێراق؛ وڵاتێکی "گەنج" بە 46 ملیۆن دانیشتووەوە

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەنجامە بەراییەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی بڵاوکردەوە، کە وێنەیەکی روون لەسەر دۆخی دیمۆگرافی، کۆمەڵایەتی و نیشتەجێبوون لە وڵاتدا دەخاتەڕوو. بەپێی ئامارەکان، کۆمەڵگەی عێراقی وەک کۆمەڵگەیەکی "گەنج و گەشەکردوو" دەرکەوتووە.

تشرینی یەکەمی 26, 2025 - 10:28
وردەکاریی ئەنجامەکانی سەرژمێریی عێراق؛ وڵاتێکی "گەنج" بە 46 ملیۆن دانیشتووەوە
ژمارەی دانیشتووان و بیانییەکان
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە کاتی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێریدا، کۆی گشتیی دانیشتووانی عێراق (عێراقی و ئەو بیانییانەی نیشتەجێن) گەیشتووەتە 46 ملیۆن و 118 هەزار و 793 کەس.
 
لەو ژمارەیە، 340 هەزار و 131 کەسیان هاووڵاتیی بیانی بوون، کە لە عێراق دەژین.
 
پێکهاتەی رەگەزی؛ هاوسەنگییەکی نزیک
 
ئەنجامەکان دەریدەخەن کە جیاوازییەکی کەم لەنێوان رێژەی نێر و مێدا هەیە:
 
• رەگەزی نێر: ژمارەیان 23 ملیۆن و 161 هەزار کەسە، کە دەکاتە رێژەی 50.2%ی دانیشتووان.
• رەگەزی مێ: ژمارەیان 22 ملیۆن و 957 هەزار کەسە، کە دەکاتە رێژەی 49.8%ی دانیشتووان.
 
عێراق کۆمەڵگەیەکی گەنجە
 
یەکێک لە دەرەنجامە گرنگەکان، پێکهاتەی تەمەنی دانیشتووانە کە ئاماژەیە بۆ کۆمەڵگەیەکی زیندوو:
 
• منداڵان (0 - 14 ساڵ): ژمارەیان 16 ملیۆن و 555 هەزار کەسە (35.9%)، ئەمەش بە ئاماژەیەکی گەورە دادەنرێت بۆئەوەی عێراق خاوەنی کۆمەڵگەیەکی گەنج و ئومێدبەخشە.
• تەمەنی کار (15 - 64 ساڵ): زۆرینەی دانیشتووان پێکدەهێنن بە ژمارەی 27 ملیۆن و 875 هەزار کەس (60.4%).
• بەساڵاچووان (65 ساڵ و سەرووتر): تەنیا یەک ملیۆن و 688 هەزار کەسن (3.6%).
• رێژەی گەشەی دانیشتووانیش ئێستا 2.5%ـە.
 
خێزان و سەرۆکی خێزان
 
سەبارەت بە پێکهاتەی خێزانەکان، ئامارەکان دەریدەخەن:
 
• زیاتر لە 7 ملیۆن خێزان لەلایەن پیاوانەوە سەرۆکایەتی دەکرێن.
• زیاتر لە 910 هەزار خێزان ژنان سەرۆکایەتییان دەکەن.
• تێکڕای قەبارەی خێزان لە عێراق لەنێوان (5 بۆ 7) کەسدایە، بەڵام قەبارەی خێزان لە پارێزگاکانی باشوور گەورەترە بەراورد بە پارێزگاکانی رۆژئاوا و باکووری عێراق.
 
دۆخی نیشتەجێبوون و خانووبەرە
 
سەبارەت بە دۆخی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان:
 
• 72%ی دانیشتووان لە خانووی (موڵک، بێبەرامبەر، یان لەگەڵ دایک و باوکیان) دەژین.
• 19%ی دانیشتووان لە یەکەی نیشتەجێبوونی کرێدا دەژین.
• کۆی گشتیی یەکەکانی نیشتەجێبوون (جگە لە باڵەخانە حکومی و سەربازگەکان) گەیشتووەتە 8 ملیۆن و 34 هەزار یەکە.