مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هیچ پاساوێک بۆ دواخستنی مووچە نییە و نەدەبوو ئەوەندە دوابکەوێت." ئاماژەی بەوەش کرد، "جێی داخە ئێستا چاوەڕێی مووچەی مانگی 9ین و حکومەتی فیدراڵی دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11ی مووچەخۆرانی کردووە."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "ئەوەی بیستوومانە ئەوەیە، [بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ] بەڵێنیان داوە بە زووترین کات مووچەکان بنێرن." ئەوەشی خستەڕوو، بابەتەکە تەنیا مووچەی مانگی 9 نییە، بەڵکو ئەوە "بەرەو کۆتایی ساڵ دەڕۆین و هەموو هەوڵمان بۆ ئەوەیە مووچەکانی ئەم ساڵ نەفەوتێن و هەمووی بنێرن. ئەگەر ئەمە نەکرێت، دەبێت گلەیی ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی بکرێت،" چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی لەسەر شانی بووە جێبەجێی کردوون.
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هەروەها مەسرور بارزانی لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری رووداو لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، "هەوڵی زۆرمان دا پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت، ئەوکات مرونەت و هەلی زیاتر لەپێش بوو، بەڵام لایەنەکانی دیکە وایان پێ خۆشبوو بابەتەکە دوابخرێت تاوەکو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق."
مەسرور بارزانی گوتیشی، "ئێستاش وەکو خۆیان [لایەنەکان] ویستوویانە، هەلومەرجێکی نوێ هاتووەتە پێشەوە و ئێمەش بەپێی ئەو هەلومەرجانە هەڵسوکەوت دەکەین."