پارەى کارمەندانى سندووقى دەنگدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دابەشدەکرێت
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، دەست بە دابەشکردنى پارەى کارمەندانى سەر سندووقەکانى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى 2023 دەکرێت، کە بەهۆى ناکۆکى لەگەڵ وەزارەتى دارایی فیدراڵ لە بارەى شێوازى دابەشکردنى دواکەوتبوو. پاداشتەکە ئەو کارمەندانەش دەگرێتەوە کە لە دەنگدانى تایبەتى ئەو هەڵبژاردنە بەشدار بوون.
![پارەى کارمەندانى سندووقى دەنگدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دابەشدەکرێت](https://pressin.info/uploads/images/202502/image_870x_67a9ae3992fa1.jpg)
ئەمڕۆ یەکشەممە 9ى شوباتى 2025، حەسەن هادى، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، رێکارەکانى خەرجکردنى پاداشتى کارمەندانى سەر سندووقەکانى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەستیپێکرد. ئەو هەڵبژاردنە بۆ یەکەم جار دواى 10 ساڵ لە 28ى کانوونى یەکەمى 2023 لە 14 پارێزگاى عێراق و دواى 18 ساڵ لە کەرکووک ئەنجامدرا. بە گوێرەى راگەیێندراوێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، خەرجکردنى ئەو پاداشتە بەشێوەى نەختینەیی دەبێت لە دواى ئەوەى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ رەزامەندى دا بۆ ئەوەى بەو شێوەیە دابەش بکرێت و سوپاسى ئەو کارمەندانە دەکات بۆ "ئارامگرتن و چاوەڕوانیکردنیان". ناکۆکییەکە لەسەر ئەوەبوو کە وەزارەتى دارایی جەختى دەکردەوە لەوەی کە دەبێت ئەو پاداشتە لە رێگەى کارتى ئەلیکترۆنى بانکى بێت نەک نەختینەیی، هەرچەندە بە گوتەى کۆمیسیۆن لە مانگى ئابى 2024ـەوە ئەو پارەیە خرابووە سەر هەژمارى بانکیى کۆمیسیۆن. حەسەن هادى گوتى: "لیستى ئەو کارمەندانە لە کۆمیسیۆن ئامادەکراوە و دەنێردرێت بۆ خەزێنەى پارێزگاکانیان، بۆ ئەوەى پارەکە وەربگرن، بڕى پارەکە 150 هەزار دینارە بۆ هەر کارمەندێکى سەر سندووقى دەنگدان کە فەرمانبەرى دەوڵەت بێت، ئەگەر فەرمابنەریش نەبێت 250 هەزار دینارى پێدەدرێت لەگەڵ سوپاس و پێزانینێکدا". زیاتر لە 240 هەزار کارمەندى سەر سندووقەکانى دەنگدان بەشدارییان لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کرد بەوانەشەوە کە سەرپەرشتى دەنگدانى تایبەتى ئەو هەڵبژاردنەیان کرد لە هەرێمى کوردستان بۆ دەنگدەرانى ناوچە کوردستانییەکان کە خەڵکى ئەو ناوچانەن. جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: خەرجکردنى ئەو پاداشتە ئەوانەش دەگرێتەوە کە لە هەرێمى کوردستان کارمەندى سەر سدووقى دەنگدانى تایبەت بوون.