لە 16 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی گەرما سبەی کرایە پشوو

بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی بەشی زۆری ناوچەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و بەمەبەستی كەم بەكارهێنانی سەرچاوەكانی وزە، سبەی چوارشەممە لە 16 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پشوو راگەیێندرا.

ئاب 12, 2025 - 14:14
لە 16 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی گەرما سبەی کرایە پشوو

رۆژی سێشەممە، 12ی ئابی 2025، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی چەند رۆژێکە رووی لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران کردووە، لە پارێزگاکانی ئەلبورز، مازەندەران، سمنان، کرمان، یەزد، هورموزگان، قوم، خوزستان، خۆراسانی باکوور، خۆراسانی باشوور، گوڵستان، مەرکەزی و قەزوین ، رۆژی چوارشەممە پشوو دەبێت.

 لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش، لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان پشوو راگەیێندراوە.

پەیوەندییە گشتییەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا، رۆژی سێشەممە دەوامی فەرمانگە حکومییەکان لە کاژێر 6ی بەیانی بۆ 11ی بەیانی کەم دەکرێتەوە. هەروەها بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گوشاری زۆر لەسەر تۆڕی کارەبا، رۆژی چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە پشوو دەبێت.

 جەلیل بالایی، جێگری پارێزگاری کرماشانیش رایگەیاندووە، "بڕیار دراوە رۆژی چوارشەممە لە سەرجەم فەرمانگەکانی پارێزگاکە پشوو بێت. مەبەست لە راگەیاندنی پشوو بۆ کەمکردنەوەی گوشارە لەسەر تۆڕی کارەبا لە رۆژە گەرمەکان."

 بەرپرسە حکومییەکان لەو پارێزگایانە رایانگەیاندووە، بڕیاری راگەیاندنی پشوو بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا دراوە، بەڵام بڕیارەکە دامەزراوە خزمەتگوزاری و فریاگوزارییەکانی وەک نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان و ناوەندە ئەمنییەکان ناگرێتەوە.

 لە ژمارەیەک لە پارێزگاکانی دیکەی ئێرانیش، کاتی دەوامی فەرمانگە حکومییەکان کەم کرایەوە.

 نزیکەی مانگێکە، پلەی گەرما لە بەشێک لە پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە و لە هەندێک ناوچە گەیشتووەتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی.

بەهۆی ئەم گەرمایەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئێران هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتییان ئەگەر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان نەچنە دەرەوە، بەتایبەت بۆ بەساڵاچووان، منداڵان و ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە.

سەرچاوە: ڕووداو