عێراقچی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند، پێنتاگۆن لەبارەی تێچووی شەڕەکەوە "درۆ دەکات" و ئاماژەی بەوە کرد کە تێچووەکە گەیشتووەتە 100 ملیار دۆلار.
عێراقچی بە ئاماژەدان بە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نووسیویەتی: "تاوەکو ئێستا سەرکێشییەکەی نەتەنیاهوو 100 ملیار دۆلاری راستەوخۆی لەسەر ئەمریکا کەوتووە، کە دەکاتە چوار هێندەی ئەو ژمارەیەی بانگەشەی بۆ دەکرێ."
وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد کە تێچووە ناڕاستەوخۆکان لەسەر باجدەرانی ئەمریکی "زۆر زیاترن. مانگانە باجی سەر هەر خێزانێکی ئەمریکی 500 دۆلارە و بەخێراییش روو لە بەرزبوونەوەیە."
وەزیری دەرەوەی ئێران رەخنەی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئیسرائیل گرت و نووسی: "هەمیشە دروشمی 'ئیسرائیل لە پێشەوە' بە واتای ئەوە دێت کە 'ئەمریکا لە کۆتاییدایە'."
ئەم قسانەی عێراقچی دوای ئەوە دێن کە رۆژی چوارشەممە، جولز هێرست، بەرپرس لە پێنتاگۆن لە گوتەیەکدا لە کۆنگرێس رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تێچووی "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا" نزیکەی 25 ملیار دۆلار بووە.
رۆژی 28ـی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، ئەمەش وایکرد تاران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە.
رۆژی 8ـی نیسان بە نێوەندگیریی پاکستان ئاگربەست راگەیێندرا، دوای ئەوەش لە 11 بۆ 12ـی نیسان دانوستاندن لە ئیسلام ئاباد کرا، بەڵام نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک. دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر داوای پاکستان بەشێوەیەکی تاکلایەنانە ئاگربەستەکەی درێژکردەوە، بێ ئەوەی هیچ وادەیەکی نوێی بۆ دیاری بکات.