سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، "خەڵک لە هەڵبژاردن دەنگی بە خزمەتگوزاریی دا، پارتەکەی ئێمەش خزمەتگوزار بوو." هەروەها گوتی، "خەڵک متمانەی بە پارتی هەیە، چونکە لەوە تێگەیشتووە کە ئێمە تەنیا قسە ناکەین، بەڵکو جێبەجێشی دەکەین."
مەسرور بارزانی پرۆسەی هەڵبژاردنی بە "سەرکەوتنێکی گەورە بۆ هەموو عێراقییەکان" وەسف کرد و باسی لەوەشکرد، "پارتی گەورەترین پارتی عێراقە و زیاتر لە ملیۆنێک دەنگمان بەدەستهێناوە. بەڵام ئەوانەی دەنگیان لەئێمە کەمترە، کورسییان لە پەرلەمان زیاترە."
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، سەرۆکی حکومەت مەرجی پارتی بۆ هەر لایەنێک کە بیەوێت لەگەڵیان حکومەت پێکبهێنێت، بە جێبەجێکردنی دەستوور وەک خۆی دانا. گوتیشی، "دەبێت دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، تائێستا هیچ کەسێک بەهۆی پێشێلکردنی دەستوورەوە رووبەڕووی لێپرسراوێتیی نەکراوەتەوە."
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی نیگەرانی خۆی دەربڕی کە "بەداخەوە ساڵێک تێپەڕیوە تاوەکو ئێستا حکومەتی نوێمان لە کوردستان دروست نەکردووە." گوتیشی: "بەهیوا بووین بە زووترین کات حکومەت لەگەڵ یەکێتی پێکبهێنین."
ئاماژەی بەوەدا کە چەند لایەنێک لە هەرێمی کوردستان ویستیان ببنە ئۆپۆزیسیۆن و ئەوانیش رێزیان لێدەگرن. سەبارەت بە ناکۆکییەکان لەگەڵ یەکێتی، مەسرور بارزانی روونیکردەوە، "یەکێتی داوای ژمارەیەک پۆستی دەکرد کە بە گوێرەی قەبارەی دەنگەکانیان گونجاو نەبوون."