وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە هەولێر
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. بڕیارە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-04-2025، ژان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە فڕۆکەخانەی هەولێر و لە فڕۆکەخانە لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا و پارێزگاری هەولێرەوە پێشوازیی لێکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ژان نۆیێل بارۆ ئەمشەو لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی؛ مەسرور بارزانی و کاردیناڵ لویس ساکۆ کۆدەبێتەوە. هەروەها سبەی چەندین دیدار و کۆبوونەوەی دیکەی دەبێت و پاشان هەولێر بەجێدەهێڵێت.
ژان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بەیانیی ئەمڕۆ لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە و کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیشی لەگەڵ فوئاد حوسێن، هاوتا عێراقییەکەی کرد. لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی، دەبێت عێراق نەخزێندرێتە نێو شەڕ و پێکدادانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە چەندین دەیەیە بەدەست ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنێت. ژان نۆیێل بارۆ ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کرد بۆ "پاراستنی سەقامگیریی وڵاتەکە" و گوتی، "باوەڕمان وایە کە عێراقێکی بەهێز و سەربەخۆ سەرچاوەی سەقامگیرییە بۆ تەواوی ناوچەکە، کە ئەمڕۆ هەڕەشە لەسەر سەقامگیریی ناوچەکەیە بەهۆی ئەو پێکدادانەی لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد."
ئەوەش لە کاتێکدایە کە چەند مانگێکە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی عێراق هیچ هێرشێک دژی ئیسرائیل نەکراوە، ئامادەکارییش بۆ بەڕێوەچوونی لووتکەی عەرەبی لە بەغدا دەکرێت، کە پاریس لە 2021ـەوە بەشدارە لە رێکخستنیدا.
لەدوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆشکی سپی، دەستی بە سیاسەتی گوشارکردن لە ئێران کردووەتەوە لەسەر پرسی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە.
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق داوای ئەنجامدانی گفتوگۆی سەرکەوتووی کرد بۆ "بەدوورگرتنی ناوچەکە لە مەترسیی جەنگ" و دەشڵێت، "هیچ بژارەیەکی دیکەی جگە لە گفتوگۆ و دانوستاندن نییە."
بڕیارە پێش بەڕێکەوتنی بۆ هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش کۆببێتەوە.
بەپێی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، بڕیارە وەزیرە فەرەنسییەکە سەردانی کوێت و سعودیەش بکات بۆ ئامادەکاری بۆ "کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی،" کە فەرەنسا لە ریازی پایتەختی سعودیە لە حوزەیران بەنیازە رێکیبخات.
سەرچاوە: ڕووداو