نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گفتوگۆیەکی فراوان و بەرهەمدارمان کرد

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا "گفتوگۆیەکی فراوان و بەرهەمدارمان" کردووە، سوپاسی فەرەنساشی کرد لە کاتە سەختەکاندا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بووە.

نیسان 23, 2025 - 22:50
نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گفتوگۆیەکی فراوان و بەرهەمدارمان کرد

نێچیرڤان بارزانی، ئەو قسانەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ژان نۆیێل بارۆ کرد، باسی لەوەش کرد، "دۆستایەتی و پەیوەندیی مێژوویی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەرز هەڵدەسەنگێنین".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "جەخت لە پابەندبوون بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش لە هەموو بوارەکاندا دەکەینەوە، بەتایبەتی لە بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش و هاریکاریی ئابووری و کولتووری و بوارەکانی دیکەیش".

 نێچیرڤان بارزانی ئەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەی بە دەرفەت زانی و گوتی، "سوپاس و پێزانینی قووڵمان بۆ فەرەنسا و جەنابی سەرۆک ماکرۆن دووپات دەکەینەوە، بۆ پشتگیریی بەردەوامیان لە عێراق و گەلی کوردستان، بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا، چاومان لە هاریکاری و هەماهەنگی نێوانمان هەیە بۆ خزمەتکردنی ئاشتی و گەشەسەندن لە ناوچەکە".

لای خۆیەوە، وەزیرە فەرەنسییە سوپاسی پێشوازییەکەی کرد و رایگەیاند، ئەم سەردانەی بۆ هەولێر، نیشانەی پەیوەندیی بەهێزی فەرەنسایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان. باسی لە پێکهێنانی حکومەتیش کرد و گوتی، "هانتان دەدەین بەزووترین کات حکومەت پێکبهێنن و پاشەڕۆژی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت". ژان نۆیێل بارۆ هیوای خواست "دۆستایەتیی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان بەهێزتربێت".

 دەقی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی:

ئێوارەتان باش و بەخێربێن، زۆر خۆشحاڵم ئەم ئێوارەیە لێرە لە هەولێر، پێشوازی لە جەنابی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەکەین، سوپاسی جەنابیان دەکەم کە لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا بۆ عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، ئێمە گفتوگۆیەکی فراوان و بەرهەمدارمان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرەنسا و گۆڕانکارییەکان لە ناوچەکەدا ئەنجام دا.

 دۆستایەتی و پەیوەندیی مێژوویی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەرز هەڵدەسەنگێنین، جەخت لە پابەندبوون بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش لە هەموو بوارەکاندا دەکەینەوە، بەتایبەتی لە بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش و هاریکاریی ئابووری و کولتووری و بوارەکانی دیکەیش، هەر لەم دەرفەتە سوپاس و پێزانینی قووڵمان بۆ فەرەنسا و جەنابی سەرۆک ماکرۆن دووپات دەکەینەوە، بۆ پشتگیریی بەردەوامیان لە عێراق و گەلی کوردستان، بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا، چاومان لە هاریکاری و هەماهەنگی نێوانمان هەیە بۆ خزمەتکردنی ئاشتی و گەشەسەندن لە ناوچەکە.

 جەنابی وەزیر دووبارە بەخێربی بۆ هەولێر

سەرچاوە: ڕووداو