ئەو سەربازەی لە خورماتوو لەسەر ئاڵای کوردستان لە هاونیشتمانییەکەی دا، دەستگیرکرا

چەند سەربازێکی سوپای عێراق لە خورماتوو هێرشیان کردە سەر گەنجێکی کورد. سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێ، سەربازێکیان دەستگیرکردووە.

تشرینی یەکەمی 11, 2025 - 16:16
ئەو سەربازەی لە خورماتوو لەسەر ئاڵای کوردستان لە هاونیشتمانییەکەی دا، دەستگیرکرا
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بە تووندی ئیدانە و سەرکۆنەی رەفتارە ناشرینەکانی ئەو چەند سەربازەی سوپای عێراقی دەکەین کە لە دووزخورماتوو هێرشیان کردە سەر گەنجێکی کورد، تەنیا لەبەر ئەوەی ئاڵای کوردستانی هەڵگرتبوو".
 
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو سەربازەی دەستدرێژی کردە سەر هاووڵاتییەکەی خورماتوو دەستگیرکرا".
 
وەزارەتی پێشمەرگە رووداوەکەی بە "پێشێلکردنێکی" مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ پێناسە کرد و رایگەیاند: "ئاڵای کوردستان نیشانەی ناسنامە و شانازی کوردستانە، کە بەپێی دەستوور دانی پێدانراوە لە عێراقی فیدراڵی دیموکراتیدا؛ نابێت هیچ کەسێک بەهۆی هەڵگرتنییەوە ببێتە ئامانجی تووندوتیژی و دەستدرێژی".
 
وەزارەتی پێشمەرگە داوای کردبوو، هێزە عێراقییەکان تۆمەتباران دەستگیربکەن و رووبەڕووی یاسایان بکەنەوە.
 
رووداوەکە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێ.
سەرچاوە: رووداو