هێڵی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر لە دوو مانگدا دەکرێتەوە

دوای ئەوەی هێڵی یەکەمی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی هەولێر کرایەوە، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت، لە دوو مانگی داهاتوودا هێڵی دووەمی پڕۆژەکە دەکرێتەوە.

ئاب 9, 2025 - 14:43
هێڵی دووەمی پڕۆژەی فریاگوزاریی هەولێر لە دوو مانگدا دەکرێتەوە

20ـی تەمموزی ئەم ساڵ لە رێوڕەسمێکدا هێڵی یەکەمی پڕۆژەکە کرایەوە و ئاوی گەیاندە گەڕەکەکانی هەشتی حەسارۆک، بنەسڵاوە، دارەتوو، قەتەوی، باغلومنارە و ژیان، بەگشتی گەڕەکەکانی سنووری شارەوانیی چوار، پێنج و شەش ئاویان پێدەگات.

ئەندازیار هێمن نەزیف، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارکردنمان لە پڕۆژەکە بەردەوامە. هێڵی دووەم هاوشێوەی هێڵی یەکەم گەورەیە و پلان وایە لە دوومانگی داهاتوودا ئاو بگەیێنێتە ماڵەکانی ئەو گەڕەکانەی دەکەونەسەری".

پڕۆژەکە چوار هێڵە. هێڵی دووەمی ئاو دەگەیێنێتە نێو و دەرەوەی شەقامی 150 مەتری هەولێر، لەوانە بەحرکە، گردجووتیار، سێبەردان و چەندین گەڕەک و گوندی سنوورەکە.

هێمن نەزیف ئاماژەی بەوەشکرد، کارکردن لە پڕۆژەکە بە چڕی بەردەوامە و ئەم ساڵ هەر چوار هێڵەکە دەکرێتەوە و ئاو دەگەیێنێتە گەڕەکە جیاوازەکانی هەولێر.

پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانای هەیە لە یەک کاژێردا 20 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات کە دەکاتە 60%ی پێویستیی هەولێر بە ئاو و 40%ـەکەی دیکەش لە رێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.

پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە گوژمەی نزیكەی 480 ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێ.

بڕیارە بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، کێشەی چەند ساڵەی کەمیی ئاو لە هەولێر کۆتایی بێت.

 پڕۆژەکە لە هێڵە جیاوازەکانییەوە ئاو دەگەیێنێتە چوار حەوزی گەورە و لەوێوە رەوانەی هەولێر دەکرێ.

بەشێکی هەولێر ساڵانە لە وەرزی هاویندا کێشەی کەمئاوی بۆ دروست دەبێت. بۆ بنبڕکردنی کێشەکە، 08-09-2024، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ردی بناخه‌ی پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هه‌ولێری دانا.

 ئێستا جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت و بڕیارە دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، زۆرینەی بیرەکان دابخرێن.

سەرچاوە: ڕووداو