نێچیرڤان بارزانی بۆ دۆناڵد ترەمپ: پیرۆزباییت لێدەکەم بۆ سەرکەوتنی رێککەوتنە مێژووییەکەی ئەرمینیا و ئازەربایجان

نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی هەردوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمینیا کرد بەبۆنەی واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتیی نێوانیان. هەروەها ستایشی رۆڵی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ سەرخستنی ئەم "رێککەوتنە مێژووییە."

ئاب 9, 2025 - 14:38
نێچیرڤان بارزانی بۆ دۆناڵد ترەمپ: پیرۆزباییت لێدەکەم بۆ سەرکەوتنی رێککەوتنە مێژووییەکەی ئەرمینیا و ئازەربایجان

رۆژی شەممە، 9ـی ئابی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "پیرۆزبایی واژۆکردنی رێککەوتنی ئاشتیی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەکەم."

هەروەها سوپاسی نێوەندگیریی ترەمپیشی کرد و گوتی، "پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ دەکەم بۆ سەرکەوتنی لە ناوبژیوانیی ئەم رێککەوتنە مێژووییەدا."

 ئەم پەیامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە رۆژی هەینی، لە بۆنەیەکی مێژووییدا لە کۆشکی سپی، ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان و نیکۆڵ پاشینیان، سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا، بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ، رێککەوتنێکی ئاشتییان واژۆ کرد.

ترەمپ، کە رووداوەکەی بە "مێژوویی" ناوبرد، گوتی، "سی و پێنج ساڵ شەڕیان کرد، و ئێستا دۆستن."

بە گوێرەی رێککەوتنەکە، ئازەربایجان و ئەرمینیا بەڵێنیانداوە کە هەموو شەڕ و پێکدادانێک "بۆ هەمیشە" رابگرن و دەرگای گەشت، بازرگانی و پەیوەندی دیپلۆماسی لەنێوان خۆیاندا بکەنەوە.

وەک بەشێک لە رێککەوتنەکە، بڕیارە رێڕەوێکی گواستنەوەی ستراتیژی لەنێوان ئازەربایجان و ناوچەی خۆبەڕێوەبەریی نەخچیڤان لەڕێگەی خاکی ئەرمینیاوە دروست بکرێت، کە ناوی "رێڕەوی ترەمپ بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانیی نێودەوڵەتی" لێندراوە. 

سەرکردەکانی هەردوو وڵات ستایشی هەوڵەکانی ترەمپ و تیمەکەیان کرد. عەلیێڤ گوتی: "سەرۆک ترەمپ لە ماوەی شەش مانگدا پەرجوویەکی (موعجیزەیەکی) ئەنجامدا." هەروەها، پاشینیان رێککەوتنەکەی بە "وەرچەرخانێکی گرنگ" لە پەیوەندییەکانیاندا ناوبرد.

 هەردوو وڵات بۆ نزیکەی چوار دەیە لە ناکۆکیدا بوون و بۆ کۆنترۆڵکردنی هەرێمی قەرەباخ، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە ناگۆرنۆ-قەرەباخ ناسراوە، چەند جارێک جەنگی خوێناوییان کردووە.

ئەو ناوچەیە لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتدا زۆربەی دانیشتووانەکەی ئەرمەنی بوون، بەڵام دەکەوێتە چوارچێوەی خاکی ئازەربایجانەوە. 

هەردوو وڵات لە بە چەندین پێکدادانی پڕ لە تووندوتیژی کە لە دەیان ساڵدا بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس، شەڕیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە کرد، لە کاتێکدا هەوڵەکانی نێوەندگیریی نێودەوڵەتی شکستیان هێنا.

سەرچاوە: ڕووداو