ڕۆژانی ئایندە

هەڵات لاز
ناوەندە سیاسی و جەماوەرییەکان لە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی کابینەی نوێی حکوومەتن لە ڕۆژانی ئایندەدا، ئەمەیش پاش گەییشتنی کۆتایی لایەنەکان دێت بە ڕێککەوتن. ئەم گۆڕانکارییەش دەبێتە خاڵیکی گرنگی وەرچەرخان لە ئایندەی هەرێمی کوردستاندا لە هەردوو بواری سیاسی و ئابووریدا. پێکهێنانی کابینەی نوێ دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ بەردەوامی و جێبەجێکردنی ئەم پرۆژانە و جووڵانەوەی سەرلەنوێی خولی ئابووریی هەرێمی کوردستان، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵکی دادەنێت.
جێگیریی سیاسی هۆکارێکی سەرنجڕاکێشە بەلای سەرمایەدارانەوە. حکوومەتێکی بەهێز بە پلان و بەرنامەی ئابووریی ڕوونەوە دەتوانێت دەرگای وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی بەتایبەت کە لە بوارە جێ ئومێدەکانی وەک گەشتوگوزار، کشتوکاڵ و پیشەسازیدا بکاتەوە.
ڕاپۆرتەکانی دەزگای وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٤دا ئاماژە بەوە دەکەن کە تەنها مۆڵەت بە ١٧٩ پرۆژە دراوە، ئەگەرچی ئەم ئامارە مایەی دڵخۆشییە؛ بەڵام لە پێکهێنانی حکوومەت و ڕوونکردنەوەی پرسە کێشەلەسەرەکان لەگەڵ بەغدا، دەکرێت ئەم ڕێژەیە زۆر بەرزتر ببێتەوە. کەواتە پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی ئامارەکانی وەبەرهێنان دەبێت بۆ ئاستێک کە گەلی کوردستان چاوەڕێی دەکات.
یەک لە ئەولەویەتەکانی کابینەی نوێ دەبێت چارەسەری پرسە داراییەکانی نێوان هەولێر –بەغدا بێت، بەتایبەتی بابەتی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا. ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانەی دارایی دەتوانێت دەستەبەری پێدانی کرێی کرێکاران و خاوەن پرۆژەکان بکات و متمانە بۆ دامەزراوەکانی حکوومەت بگێڕێتەوە و پشتبەستن بە قەرزی ناوخۆیی کەمبکاتەوە.
ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستاندا لە سەدا ١٤.٧٩یە لە ساڵی ٢٠٢٤دا . پێکهێنانی حکوومەت و چالاککردنەوەی پرۆژە ئابوورییەکان و جومگە کاریگەرەکان، دەتوانێت هەزاران هەلی کار بڕەخسێنێت تا ئەو فشارە کەڵەکەبووە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە لەسەر خێزانەکان نەهێڵێت.
سازانی سیاسیی نێوان هەردوو حزبە گەورەکەی کوردستان- پارتی و یەکێتی- بۆ پێکهێنانی حکوومەت، کۆمەک بە کەمکردنەوەی گرژییە ناوخۆییەکان و بەهێزکردنی متمانەی نێوان خەڵک و دامەزراوەکانی حکوومەت دەکات، بەتایبەت دوای ئەو ماوەیە لە گرژی و دوورکەوتنەوەی سیاسی کە لە ماوەی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردندا هاتەئاراوە.
حکوومەتێکی بەهێز و سەرتاسەری دەتوانێت ڕۆحێكی نوێ بەبەر چالاکییەکانی پەرلەماندا بکاتەوە و بەرەو چالاککردنەوەی دەزگاکانی چاودێری و یاساداناندا ڕێگە بکاتەوە، ئەمەیش دەىێتەهۆی بەهێزبوونی شەفافیەت و کەمبوونەوەی گەندەڵی. هەروەها ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنێت کە پێگەیەکی زیاتر بۆ ڕێککەوتن و دانوستان لەگەڵ بەغدادا دروست ببێت. ئەمەیش دەرفەتێکە بۆ سەرکەوتنی گفتوگۆکان دەربارەی پرسە ئاڵۆزەکانی وەک: یاسای نەوت و گاز، بودجە و مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە دۆخی پێکهێنانی حکوومەتدا ئەم پرسانە لە چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستووریی ڕوونتردا دەخرێنە ڕوو.
سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش ڕێکەوتی ١١/١١/٢٠٢٥ وەک کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی عێراق دەستنیشان کرد، بەربنەمای یاسای هەڵبژاردنی ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ هەموارکراو. ئەم هەڵبژاردنەیش ساتێکی چارەنووسسازە، نەک تەنها لەسەر ئاستی عێراق، بەڵکوو لەسەر ئاستی هەرێمیش. کە دەشێت گرنگییەکانی ئەم هەڵبژاردنەیش لەم خاڵانەی خوارەوەدا بخەینە ڕوو:
• یەکێتیی گوتاری کوردی لە بەغداد: وەختایەک حکوومەت لەسەر بنەمای ڕێککەوتن و سازانی نێو ماڵی کوردەوە پێکبهێنرێت، حزبە کوردستانییەکان دەتوانن بە گوتارێکی یەکپارچەوە بەشداری لە گفتوگۆکانی دوای پرۆسەی هەڵبژادندا لە بەغدا بکەن. ئەم پرسە توانای دانوستانیان دەربارەی دابەشکردنی پۆستە هەستیارەکان یاخود کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداد پێ دەبەخشێت.
• زیادبوونی ئاستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لە هەرێمی کوردستان: ئەمەیش ڕاستەوخۆ پێوەستە بە متمانەی خەڵکی بە پرۆسەی سیاسی و کارایی حکوومەتەوە. حکوومەتێکی جێگیر و خاوەن پرۆژەی خزمەتگوزاری، دەتوانێت ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئایندەدا بەرزبکاتەوە، لەکاتێکدا کە گەورەتربوونی درزەکانی نێوان ئەو متمانەیە دەبێتە هۆی بێئومێدیی خەڵک و نەمانی متمانەیان بە هەڵبژاردن.
• بەڕێوەبردنێکی باشتری هەڵبژاردن: حکوومەتی نوێ دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکاندا بکات و ناوەندی پێویستی هەڵبژاردن دەستەبەر بکات و ئاسایشی پرۆسەکە فەراهەم و پێداویستییە لۆجستییەکان دابەش بکات.
• کاریگەریی ڕاستەخۆ لەسەر تەرازووی هێز لە بەغداد: کوتلە کوردییەکان وەک "میلی تەرازوو" لە پەرلەمانی عێراقدا هەژمار دەکرێن. ئەگەر یەکپارچ و یەکڕا بن، دەتوانن تای یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکان قورستر بکەن. کەواتە پێکهێنانی حکوومەتی ئایندەی هەرێم بەتەنها پرسێکی نێوخۆیی نییە، بەڵکوو دەبێتە گەمەکەرێکی سەرەکییش لە هاوکێشەکانی عێراقدا.
پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت تەنێ ساتێکی گواستنەوەی سیاسی نییە، بەڵکوو تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ توانای حزبەکان لە ئیدارەدانی ناکۆکییەکان و هێنانەئارای هاوبەشیی ڕاستەقینە لە بەرژەوەندیی خەڵکیدا. ڕۆژانی ئایندە چارەنووسساز دەبن؛ یان حکوومەتێک پێکدێت کە ئارەزووەکانی خەڵکی بەدیدەهێنێت و متمانەیان نوێ دەکاتەوە، یان دابەشبوونەکە درێژەی دەبێت و قەیران دووبارە و دووبارە بەرهەمدێتەوە.
ئومێدەکان زۆرن، بەڵام ئاڵنگارییەکەیش گەورەیە. بەرپرسیارێتیی ساتی ئێستا لە ئەستۆی چینی سیاسیدایە تا نیشانی بدەن ئایندەی هەرێم چیدی درەنخستن ناخوازێت.