بەرمیلێک نەوتی برێنت بە زیاتر لە 64 دۆلارە
نرخی نەوت رۆژی دووشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بەرزبووەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت کە هەردوو چین و ئەمریکا ئەنجامی دانوستاندنی نێوانیان لە کۆتایی هەفتە بە ئەرێنی و بنیادنەر ناوبردووە.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور 27 سەنت بەرزبووەوە و بەرمیلێکی بە 64 دۆلار و 18 سەنت مامەڵەی پیوەکرا.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 28 سەنت بەرزبووەوە و بە 61 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. ئەرێنی بوونی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و چین گەشبینی لای بازرگانان دروستکردووە، یەکەم و دووەم گەورەترین هێزی ئابووریی جیهان کێشە بازرگانییەکانیان چارەسەربکەن، ئەوەش بە ئەرێنی کاریگەری لەسەر نرخی نەوت داناوە.
لەگەڵ ئەوەشدا دوولایەنەکە وردەکاریی کەمیان لەسەر نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ئاشکرا کردووە، بڕیارە ئەمرۆ بەیاننامەی هاوبەش لەو بارەیەوە بڵاوبکەنەوە.
توشیتاکا تازاوا، شارەزای بازاڕە داراییەکان، سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی فۆجیتۆمی سیکیۆریتی لەوبارەیەوە رایگەیاند، "کەشی ئەرێنی کۆبوونەوەی نێوان چین و ئەمریکا، خواستی بۆ بەکارهێنانی نەوت زیادکردووە، بەڵام بڵاوبوونەوەی وردەکاریی کەم لە رێککەوتنی نێوانیان بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت سنوورداربێت."
لەلایەکی دیکەوە بەپێی راپۆرتی نێوخۆیی رێکخراوی ئۆپێک، قەبارەی بەرهەمهێنانی ئەندامانی رێکخراوەکە لە مانگی رابردوودا کەمیکردووە و ئەوەش پاڵپشتیی زیاتری بۆ نرخی نەوت دروستکردووە.
سەرچاوە: ڕووداو