دەوڵەت باخچەلی: تاوەکو فرمێسکی دایکانمان وشک نەبێت، ئاسوودە نابین

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەڵێت: "تاوەکو فرمێسکی دایکانمان وشک نەبێت، ئاسوودە نابین".

ئارەی 11, 2025 - 09:36
دەوڵەت باخچەلی: تاوەکو فرمێسکی دایکانمان وشک نەبێت، ئاسوودە نابین

دووەمین یەکشەممەی مانگی ئایاری هەموو ساڵێک لە تورکیادا رۆژی دایکانە. بەم بۆنەیەوە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا ئاماژەی بە رۆڵی دایکان لە پرۆسەی ئاشتی کرد. دەوڵەت باخچەلی لە پەیامەکەیدا نوسیوویەتی: "تاوەکو ئەو کاتەی فرمێسک لە چاوی ئەو دایکانەدا وشک دەبێ کە لە خەم و پەژارەدا خنکاون و بە ئازار و حەسرەتی رۆڵەکانیان دەسووتێن، ناتوانین ئاسوودە بین؛ ناتوانین ئارامی و بەختەوەری بەدەستبهێنین."

دەوڵەت باخچەلی دەڵێت: "دایک ئارام بێت، خێزانیش ئارام دەبێت. خێزان ئارام بێت، مرۆڤ و خەڵکیش ئارام دەبێت. خێزان بریتییە لە قەڵخانی مانەوەی نیشتمان. دایکیش گەرەنتیکار و وزەبەخشی قەڵخانەکەیە."

01-10-2024، دەرگای پەرلەمانی تورکیا لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا.

 دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد. ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەو هەنگاوەی باخچەلی بە "پەنجەرەی هیوا" ناوبرد و ئومێدی خواست، ئەو دەرفەتە نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی کەسی. باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکات. شاندێک لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا و دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە.

ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی یەکی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند، ئەوەش دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە رۆژی 27ـی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.

 رۆژی 10ـی نیسان، شاندی ئیمراڵی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.

 رۆژی 9ـی ئایار، پەکەکە رایگەیاند لە رۆژانی 5-7ـی مانگ 12ـەمین کۆنگرەی ئەنجامداوە و رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامی کۆنگرەکە بڵاودەکاتەوە.

سەرچاوە: ڕووداو