گوینتەر کە بە کەسایەتییەکی میانڕەو و پراگماتیک ناسراوە، جەختی لەسەر چەندین بابەتی گرنگ کردەوە، لەوانە پاراستنی ژینگە و گواستنەوە بۆ وزەی نوێبووەکان.
لەبارەی پرسی کۆچبەرییەوە، گوینتەر رایگەیاند، ئەڵمانیا هێشتا نەگەیشتووەتە ئامانجەکانی لەم بوارەدا و پێویستە بەردەوام کار لەسەر خۆگونجاندنی کۆچبەران بە کۆمەڵگە بکرێت، ئەو پشتیوانیی سیاسەتێکی مرۆڤانە دەکات، بەڵام هاوکات جەخت لەسەر سنووردارکردنی ژمارەی کۆچبەران و دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانە دەکاتەوە کە پابەندی یاساکان نابن یان تاوان ئەنجام دەدەن.
بە بڕوای ئەو، پاراستنی قبووڵکردنی کۆمەڵایەتی بۆ وەرگرتنی پەنابەران لە پێشینەیە، گوینتەر ئەزموونی مێژوویی شلیسڤیگ-هۆڵشتاین لە وەرگرتنی پەنابەراندا دوای جەنگی دووەمی جیهانی بە نموونە دەهێنێتەوە و رۆڵی بەرچاوی کوردی دیاسپۆرا، بەتایبەتی سەیران پاپۆ، وەک نوێنەرێکی سەرکەوتوو لە پەرلەماندا بەرز دەنرخێنێت.
هەروەها، گوینتەر نیگەرانیی خۆی لەبارەی کاریگەرییە خراپەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر منداڵان و گەنجان دەربڕی و داوای قەدەخەکردنی بەکارهێنانیان بۆ تەمەنی خوار 16 ساڵ دەکات، ئەمەش وەک بەرپرسیارێتییەکی گەورە بەرامبەر بە نەوەی داهاتوو دەبینێت.
سەبارەت بە پرسی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، سەرۆکوەزیرانی هەرێمەکە دووپاتی کردەوە کە ئەڵمانیا رۆڵێکی بەرچاو لە گێڕانەوەی سەقامگیریدا دەگێڕێت و پشتیوانی لە ئێزیدییەکان دەکەن لە هەرێمەکەیان و لەسەر ئاستی فیدراڵیش.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دانیێل گوینتەر
رووداو: ئەم کاتەتان باش بەڕێزان، من ئاڵا شاڵی لە ئەڵمانیاوە لەگەڵتانم، لە هەڤپەیڤینێکی زۆر تایبەتدا لەگەڵ سیاسەتڤانێکی دیاری ئەڵمانیا، بەڕێز دانیێل گوینتەر، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی شلیسڤیگ-هۆڵشتاین، بەڕێز گوینتەر لە پارتی دیموکراتی مەسیحییە (CDU)، لە ساڵی 2017ـەوە ئەم پۆستەی وەرگرتووە، ئەو لە گۆڕەپانی سیاسیدا بە کەسێکی میانڕەو و پراگماتیک ناسراوە، ئەمەش وای کردووە ببێتە یەکێک لە جەماوەرترین سەرکردە هەرێمییەکانی ئەڵمانیا، بۆیە زۆر خۆشحاڵم لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵماندایە. بەڕێز سەرۆکوەزیران، کەواتە با دەست پێبکەین، بەڕێزتان گەشتی هاوینیتان بەسەر کۆمپانیاکاندا کرد و سەردانی چەندین کۆمپانیاتان کرد لە هەرێمەکەتان، زۆربەی کۆمپانیاکان لە شلیسڤیگ-هۆڵشتاین گەیشتن بە بێکاربونی (کەشوهەوای سفر کاربۆن) تاوەکو ساڵی 2040 وەکو ئاستەنگێکی گەورە دەبینن، ئێوە چۆن بە شێوەیەکی دیاریکراو رێگری دەکەن لەوەی کە کۆمپانیا بچووک و مامناوەندییەکان لەم پرۆسەیەدا شکست نەهێنن؟
دانیێل گیونتەر: زۆر سوپاس، بەخێربێن، ئێمە ئەم بابەتەمان روونکردووەتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی شلێسڤیگ-هۆلشتاین کە لە گەشتە هاوینەییەکانمدا سەردانم کردن، ئەوان لە ناخی دڵەوە پشتیوانیی ئەم ئامانجە دەکەن، لە وڵاتێکدا کە ئێمە وزە نوێبووەکانمان بە شێوەیەکی بەرفراوانتر لە بەشەکانی تر دامەزراندووە، باوەڕێکی پتەو هەیە کە دەتوانین وەک دەوڵەتێکی پیشەسازیی خاوەن کەشوهەوایەکی هاوسەنگ بمێنینەوە، زۆرێک لە کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکانیش ئەم دەرفەتە دەبینن، ئێمە لە شلێسڤیگ-هۆلشتاین ئێستا دەتوانین 200٪ی پێویستیی خۆمان لە وزە لە سەرچاوە نوێبووەکانەوە بەرهەم بهێنین، واتە دوو ئەوەندە زیاتر، تەنانەت دەتوانین هەناردەشی بکەین، کەواتە ئێمە هەرێمێکی زۆر سەرکەوتووین، هەر بۆیەش خەڵکێکی کەمتر نیگەرانیی ئەم ئامانجەن، بێگومان ئامانجێکی بەرزە، بەڵام بە بڕوای من، ئێمە وەک هەرێمێک لە نێوان دوو دەریادا، هەرێمێکی وزە نوێبووەکان، دەتوانین ئامانجێکی وا بەدەست بهێنین.
رووداو: چۆن توانیتان ئەمە بەدەستبهێنن؟
دانیێل گیونتەر: چونکە نەک تەنیا لەم حکومەتەی ئێستا، نەک تەنیا من وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێم، بەڵکو هەموو ئەوانەی پێش منیش بوون گرنگییان بە وزە نوێبووەکان داوە، بەرای من شتێکی زۆر بەنرخە کاتێک مرۆڤ بۆ ئامانجێکی لەم شێوەیە کار دەکات و هەر حکومەتێکی نوێ نایەت ئامانجی نوێ دیاری بکات، بەڵکو مرۆڤ بە شێوەیەکی درێژخایەن لەسەر بەرنامەکانی کار بکات و بەم جۆرە لە رێگەی چەندین حکومەتەوە بەرەو هەمان ئاراستە هەنگاو بنرێت، ئەمە بە شێوەیەکی بەرچاو یارمەتیی هەرێمێک دەدات، هەمووان هەمان دروشمیان کردبووە ئامانج، ئەویش کارکردن بوو بۆ وزە نوێبووەکان، لەنێو پەرلەمانی هەرێمی شلێسڤیگ-هۆلشتاینیشدا، ئەمە رێککەوتنێکی دیموکراسییە، ئەمڕۆ هیچ پارتێک نییە کە بۆ پاراستنی ژینگە، هاوکار و هاوشانی هێزی ئابووری نەبێت، کاتێک متمانەیەک هەبوو، کاتێک چوارچێوەی کار روون بوو، ئەگەر هەموو جارێک رێچکەکە نەگۆڕدرێت، ئەو کاتە مرۆڤ دەتوانێت بە ئامانجە بەرزەکان بگات،
رووداو: بەڕێز سەرۆکوەزیران وەک ئاگادارن کابینەی حکومەتی فیدراڵ بڕیاری دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی داوە، باوەڕتان وایە بەراستی ئەمە ئاسایشی زیاتر بۆ ئەڵمانیا دابین دەکات، چ شتێک دیاریکراو چاوەڕوان دەکەن لە دۆخی ئاسایشی نیشتمانی؟
دانیێل گیونتەر: ئێمە بەرپرسیارێتیی نوێ جێبەجێ دەکەین، پێموایە سەردەمانێک هەبوون کە بابەتی ئەنجومەنی ئاساییش گرنگیی خۆی نەمابوو، بەڵام لە دۆخێکدا کە لە ئەورووپا راست ەوخۆ لەژێر هەڕەشەداین، کاتێک دەبێت خۆمان بۆ ئاساییشی کیشوەرەکەمان کار بکەین، ئەڵمانیاش وەک دەوڵەتێکی گەورە لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە، دەبێت ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات، بە بڕوای من باشتر وایە ئەگەر مرۆڤ ئەو چالاکییانە کۆ بکاتەوە، هەروەک چۆن ئێمە لە هەرێمەکاندا گرووپی ئەرکەکانمان بۆ هەموو ئەو بەشانەی پێکەوە گرێدراون هەیە، بە هەمان شێوە لە حکومەتی فیدراڵیشدا گرنگە بابەتێکی سەرەکی وەک دابینکردنی ئاساییشی خەڵک لە وڵاتی خۆیدا کۆبکاتەوە و نووسینگەی راوێژکار یش لەوێ جێگیر بکرێت، بە رای من ئەمە لە ساڵانی رابردوودا کەم بوو و ئێستا لەگەڵ راوێژکار فریدریش مێرتز جێبەجێ دەکرێت.
رووداو: کۆچبەری پرسێکی گرنگە لە ئەڵمانیا بۆ خۆشم وەک کەسی خۆم تایبەتمەندی تایبەتی، چونکە چەندین ساڵە لەسەر ئەم کەیسە کارم کردووە ئێستا دوای دە ساڵ لە قسە ناوازەکەی مێرکڵ، ئایە توانیتان ئایە سەرکەوتووبن، دەمەوێت بزانم چۆن لە سیاسەتی حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دیپۆرتکردنەوەو کۆنترۆڵی سنوورەکانی ئەڵمانیا دەڕوانن، بەڕێزتان لەگەڵ دیپۆرتکردنەوەو کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانن؟
دانیێل گیونتەر: بە بڕوای من، ناتوانین بڵێین گەیشتووینەتە ئامانجەکانمان؛ مرۆڤ ناتوانێت بڕیارێکی وا بدات، بەڵێ، ئەم بابەتە بەگشتی، کۆچ و خۆگونجاندن (ئینتیگراسیۆن)، ئەرکێکە کە هەرگیز تەواو نابێت، بەڵکو بە رای من، پێویستە هەمیشە کاری لەسەر بکەین، ئێمە رێگەیەکی دوورمان بڕیوە، هەروەها پێموایە کە زۆر یاسامان لە وڵاتەکەماندا گۆڕیوە تاکو هەموو شتێک بەڕێکوپێکی بەڕێوەبچێت و ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی هاتوونەتە لامان، لە بازاڕی کاردا جێمان کردوونەتەوە و لەو بوارەدا زۆر شت بەباشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام کۆسپ و تەگەرە هەر دەمێنن، من پێموایە لە بابەتی کۆچبەراندا پێویستە مرۆڤ رووبەڕووی راست ییەکان ببێتەوە، مرۆڤ چۆن دەتوانێت بارودۆخەکە ڕێک بخات ئەگەر—وەک خۆم و وەک حکومەتێکی هەرێمی—مەبەستمان بێت سیاسەتێکی مرۆڤانە پەیڕەو بکەین و خۆگونجاندن بە باشترین شێوە ئەنجام بدەین، لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەکانەوە بگرە تا دەگاتە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون، ئەم کارە بە ژمارەیەکی زۆری خەڵکەوە جێبەجێ ناکرێت، هەر بۆیە و بێگومان من پشتیوانیی ئەوە دەکەم کە هەوڵ بدەین ژمارەی ئەو کەسانەی دێنە لامان تا رادەیەک سنووردار بکەین، ئەمەش بە ڕێوشوێنی گونجاو سەردەگرێت، هەڵبەتە راست ئەوەیە کە ئەوانەی باشن لەوانەی خراپ جیا بکەینەوە، واتە دەمانەوێت وڵاتێک پێشکەش بەوانە بکەین کە پابەندی رێکارە ئاساییەکان و یاساکانمان دەبن، هەروەک هەر دەوڵەتێکی تر دەیەوێت بیکات، بە بڕوای من، پێویستە لە ئەڵمانیاش بەم شێوەیە بکەین، ئەو کەسەی نەیەوێت پابەندی رێکارەکانمان بێت، مافی ئەوەی نییە لە وڵاتەکەماندا وەربگیرێت، ئەگەر کەمێک تووندیش بین، بە رای من زۆر گرنگە، تاکو بتوانین قبووڵکردنی کۆمەڵایەتی بۆ وەرگرتنی پەنابەران بپارێزین.
رووداو: تاچەند سیاسەتی کۆچبەری لە هەرێمەکەتان جیاوازترە لە هەرێمەکانی دیکە؟
دانیێل گیونتەر: کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان ڕێوشوێنێکە کە لەلایەن حکومەتی پێشووشەوە بەکار دەهێنرا و کاریگەریی خۆی هەیە، چونکە هەر دەوڵەتێک مافی خۆیەتی بزانێت کێ دێتە ناو وڵاتەکەیەوە، ئێمە لە کاتی خۆیدا بینیمان کە لەدەستدانی کۆنترۆڵ—ئەگەر خەڵک هەست بکات کەس نازانێت چ جۆرە کەسانێک دێنە وڵاتەکەیان—هیچ کاتێک بۆ کۆمەڵگە باش نییە، ئەمە نەک تەنیا بۆ ئەو کەسانەی کە لەمێژە لێرە دەژین، بەڵکو بۆ ئەو کەسانەش کە خۆیان پاشخانێکی کۆچبەرییان هەیە، من خۆم چەندین کەس دەناسم کە خاوەنی پاشخانی کۆچبەرین و لە سەردەمێکی تردا هاتوون، ئەوانیش دەڵێن "دەمانەوێت لە وڵاتێکدا کە بۆ ماوەیەکی درێژە تێیدا دەژین، هەست بە ئاساییش بکەین،" ئەگەر ئێستا بە تووندی کۆنترۆڵ جێبەجێ بکرێت، من پشتیوانیی حکومەتی نوێ دەکەم، ئێمە یارمەتیی دەدەین تاکو سنوورداشکردنەوە بە شێوەیەکی باشتر بەڕێوە بچێت، بەتایبەتی ئەگەر کەسانێک تاوان ئەنجام بدەن، چونکە بە بڕوای من، گرنگ نییە مرۆڤ بە چ پاشخانێکەوە دێتە وڵاتەکەمان، بەڵکو ئەوەی زیان بە کەسێکی تر بگەیەنێت، ئەوەی پابەندی یاساکانمان نەبێت، ئەوەی ببێتە تاوانبار، ئەو کەسە مافی مانەوەی هەمیشەیی لە وڵاتەکەماندا لەدەست دەدات، باشە ئەگەر ئەو کاتە ماڵئاوایییان لێ بکرێت و پێیان بوترێت کە کاتی ئێوە لێرە بەسەرچوو، پێموایە تووندکردنی ڕێوشوێنەکان کارێکی باشە و ئێمە لە شلێسڤیگ-هۆلشتاین ژمارەی دیپۆرتکراوەکانمان بەرز کردووەتەوە، ئێمە پشتیوانیی سیاسەتی نوێی حکومەت دەکەین.
رووداو: سەبارەت بە هەرێمەکەتان شتی ئەرێنی زۆرم بیستووە تاچەند سیاسیەتی کۆچبەری لە هەرێمەکەتان.
دانیێل گیونتەر: نەخێر، پێموایە چەندین هۆکاری جیاواز تێکەڵ دەبن، یەکەم، بە بڕوای من جددیبوون لەم بابەتەدا یارمەتیدەرە، وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا، ئەمە بۆ ئاشنابوون بە بابەتی کۆچبەری لە هەرێمەکەماندا زۆر یارمەتیدەر بوو، بە بڕوای من، ئەمە دەبێتە کلیلی سەرکەوتن بۆ شلێسڤیگ-هۆلشتاین کە خەڵکی ناوچەکانی تر بزانن ئێمە لە هەرێمەکەماندا پێشوازییان لێ دەکەین، ئێمە نەگەیشتووینەتە ئەو دۆخەی کە کارگەکانمان بڵێن کەمیی کارمەندی پسپۆڕ شتێکی خراپە، بەڵام پێش ئەوەی کەسێک لە کولتوورێکی تر، لە وڵاتێکی ترەوە بهێنمە کارگەکەم، باشترە بێ کارمەند بمێنمەوە، بێگومان ئەم دۆخە لە هەندێک شوێنی تر هەیە، بەڵام لەلای ئێمە لە شلێسڤیگ-هۆلشتاین نییە، لێرە ئامادەییەکی بەهێز هەیە بۆ وەرگرتنی خەڵک لە وڵاتانی جیاوازەوە بۆ کارگەکانی شلێسڤیگ-هۆلشتاین، بە بڕوای من ئەمە تایبەتمەندییەکی گرنگە، وەک من دەیبینم، ئەمە لە شلێسڤیگ-هۆلشتایندا لەناو دابونەریتماندایە، چیرۆکی کۆچبەری لە بنەماڵەی مندا بوونی هەیە، چونکە ڕەگ و ڕیشەی ئێمە لە شلێسڤیگ-هۆلشتاین نییە، باوکم لە ڤێزنبێرگ لە هەرێمی مێکلنبۆرگ-فۆرپۆمەرن لەدایک بووە، دایکم لە رێندسبۆرگە، بەڵام دایک و باوکی ئەو کاتە لە پرۆسیای رۆژهەڵاتەوە (Ostpreußen) هەڵاتبوون بۆ شلێسڤیگ-هۆلشتاین، دوای جەنگی جیهانیی دووەم، نیوەی دانیشتووانی شلێسڤیگ-هۆلشتاین خەڵکی ئەو هەرێمە نەبوون، واتە ئێمە ئەو سەردەمانە دەناسین کە پەنابەران دەهاتنە لامان، ئەوە ئەزموونی ئێمە بووە، هەر بۆیەش ئەمە لەم سەردەمەدا زۆر یارمەتیدەرە کاتێک خەڵک لە دەرگامان دەدەن و دەڵێن، "من لە شەڕ هەڵاتووم، ئاوارە بووم، ماڵ و سامانی خۆم لەدەست داوە، تکایە یارمەتیم بدەن،" خەڵکی شلێسڤیگ-هۆلشتاین بە چاوێکی ترەوە سەیری ئەمە دەکەن، و بە بڕوای من، ئەمە یارمەتیدەرە کە ئێمە بابەتی خۆگونجاندنیش بە ئەرێنی ببینین.
رووداو: بەڵێ، بێگومان خۆگونجاندن دەبێت لە هەردوولاوە هەوڵی بۆ بدرێت، ئەگینا سەرکەوتوو نابێت، ئاماژەت بە خاڵێکی گربنگدا بەپێی زانیارییەکانم کوردێکی زۆر لە هەرێمەکەتان دەژین هەمیشە دەگوترێت کورد باش تێکەڵدەبن رات چییە لەسەر ئەمە و هەروەها دەموێت بزانم کە سەیران پاپۆ ئەندام پەرلەمانێکی کوردە لە پارتەکەی بەڕێزتان کاریگەرییەکی هەیە لە گەیاندنی داواکارییە تایبەتییکانی کۆمەلگەی کوردی لە هەرێمەکەتان؟
دانیێل گیونتەر: وەک من دەیبینم ئامادەیی بۆ خۆگونجاندن زۆر بەهێزە، نازانم ئایا ئەو ژمارەیە بە بەراورد لەگەڵ هەرێمەکانی تردا لە شلێسڤیگ-هۆلشتاین بەرزترە یان نا، پێموایە لە هەمان ئاستداین، ئێمە بە دەیان هەزار کوردمان لە شلێسڤیگ-هۆلشتاین هەیە و ئەمە زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت، زۆر دڵخۆشم کە کەسێکی وەک سەیران پاپۆمان هەیە و گەیاندوومانەتە ئاستێکی باڵا؛ ئێمە ژنێکی کوردمان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی مەسیحی CDU هەیە کە ئەو بابەتانە دێنێتە ناو سیاسەتی رۆژانەوە، هەروەها چالاکی ئەنجام دەدات و خەڵکی خاوەن ئەو پاشخانە لە سیاسەت نزیک دەکاتەوە، ئەو منیشی بانگهێشتی چالاکییەکان کردووە و من وەک سەرۆکی هەرێم بوومەتە میوانی، پێموایە زۆر گرنگە کە مرۆڤ لە هەر شوێنێکەوە بێتە ئێرە، تێبگات کە نەک تەنیا دەتوانێت کەسانی پەیوەندیدار بە سیاسەتەوە ببینێت، بەڵکو دەتوانێت خۆیشی چالاک بێت، سەیران پاپۆ یەکەم بەشداربووە، بەڵام سەیران پاپۆ سەلماندی کە پارتی CDU دەتوانێت لە بازنەی کەناری رۆژهەڵاتیشدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە نەمانتوانیبوو ئەم دەستکەوتە بەدەست بهێنین، بەڵام ئەو توانی، چونکە ناوبانگێکی زۆری هەیە و لایەنگری زۆری لەو ناوچەیەدا هەیە، ئەم ناوبانگەی ئێمە بێزار ناکات، هاوکاریی لەگەڵیدا بە شێوەیەکی زۆر باش بەڕێوە دەچێت، و پێموایە ئەمە یارمەتیی کۆمەڵگەی کوردیش دەدات کە بەرپرسێکیان لەناو دەسەڵاتدا هەیە.
رووداو: دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم کە زۆر لای کوردی دیاسپۆرا خۆسەویستە و هەروەها هەمووان شانازی پێوەدەکەن و منیش شانازی پێوەدەکەم، چونکە ئەو توانی وەک ژنە کوردێک لە پارتەکەتان سەرکەوتوو بێت، ئەمەش بەراست ی بە هەموو کەس ناکرێت، یەکێک ەل داواکارییەکانی دیاسپۆرای کوردی ئەوەیە کە زمانی کوردی لە هەموو هەرێمەکان لە قوتابخانەکان بە فەرمی فێربکرێن، لە هەندیک هەرێم و لە هەندێک هەرێم نییە، فێرکردنی زمانی دایک لای ئێوە چەند گرنگە؟
دانیێل گیونتەر: پێویستە مرۆڤ دڵنیا بێتەوە کە ڕێکخستنی ئەم بابەتە بۆ مرۆڤ دابین کراوە، لای من تا رادەیەک نیشانەی هێزە کە مرۆڤ زمانی دایکیی خۆی پشتگوێ نەخات، بەڵکو ئەویش رۆڵی خۆی هەبێت، بە بڕوای من ئەرکی حکومەتە کە لێکتێگەیشتن لە وڵاتەکەماندا کارا بکات، خۆگونجاندنێکی سەرکەوتوو بەوەوە بەندە کە مرۆڤ زمانی ئەو وڵاتە بزانێت کە تێیدا دەژی، پێویستە ئەمە ئامانجی ئێمە بێت، بەڵام دووزمانی هەمیشە خاڵێکی بەهێزە بۆ وڵاتەکەمان، هەرێمێک کە دەیسەلمێنێت مافی کەمینەکان شتێکی ئەرێنییە، کە ئێمە زمانی دانیمارکی بەهۆی نزیکیمان لە دانیمارک و زمانی فریزی لە هەرێمەکەماندا پەرە پێ دەدەین، ئەمە هەڵبەتە بۆ ئەو بەشەش هەر راستە، ئەوەی لەڕووی ڕێکخستنەوە بکرێت، من بە تەواوی پشتیوانیی دەکەم، بەڵام دەبێت ئەمە توانای جێبەجێکردنی هەبێت، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە دۆخی بودجەکەمان لە باشترین حاڵەتدا نییە.
رووداو: بەێزتان ئاگاداری دیپۆرتکردنەوەی خێزانێکی کردی ئیزدی بوون لە ئەڵمانیا، ئەمە لە راگەیاندنەکاندا دەنگی دایەوە، ئەگەر ئەمە لە هەرێمەکەتان روویدابووایە رێگەدان بەم کردارە دەدا، ئیستا ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی ترسی دیپۆرتکردنەوەیان هەیە ئێوە ئەمە بە دروست دەزانن؟
دانیێل گیونتەر: ئێمە هەڵوێستی خۆمان راگەیاندووە و بە پشتیوانییەکی بەرفراوانیش لە پەرلەمانی هەرێمی شلێسڤیگ-هۆلشتاین بڕیارمان داوە کە پشتیوانییەکی روون لە ئێزدییەکانی وڵاتەکەمان دەکەین و هەرچی پێویست بێت دەیکەین تاکو سنوورداش نەکرێنەوە، ئێمە لەسەر ئاستی فیدراڵیش بەم شێوەیە هەڵوێستی خۆمانمان دەربڕیوە، هەروەها لە ئەنجومەنی فیدراڵیدا هەمان هەڵوێستمان هەیە، لەنێو هەموو پارتەکانی شلێسڤیگ-هۆلشتایندا هەڵوێستێکی هاوبەش هەیە.
رووداو: بەڕێزتان لەگەڵ دیپۆرتکردنەوەو کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانن؟
دانیێل گیونتەر: بەڵێ، ئایا بەروون ی نەمگوت؟ نەخێر، منم، بە دڵنیاییەوە.
رووداو: باسی کەمی کارمەندی پسپۆرتان کرد، ئەڵمانیا بەدەست نەبوونی کارمەندی پسپۆرەوە دەناڵێنێت، من خۆم چەند رۆژێک لەمەوبەر کارم لەسەر ئەم بابەتە کرد هەندێک لە هەرێمەکان پلانی هێنانی کاری دەستیان هەیە لە کوردستان، ئێوە هیچ پلانێکتان هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار بکەن بۆ هێنانی کارمەندی پسپۆڕ؟
دانیێل گیونتەر: ئێمە بۆ ئەو بابەتە زۆر کراوەین و وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمێکیش چەندین دانوستاندن دەکەم تاکو دەوڵەت و ناوچانێک بدۆزمەوە کە کارمەندی پسپۆڕیان هەبێت و بیانەوێت لە شلێسڤیگ-هۆلشتاین کار بکەن، بەپێی ئامارە جیاوازەکان، تا ساڵی 2035 لە نێوان 300 هەزار بۆ 350 هەزار کارمەندمان کەمتر دەبێت و بۆشایی دروست دەبێت، ئەگەر بمانەوێت لەڕووی ئابوورییەوە بەم سەرکەوتنەی ئێستاوە لە شلێسڤیگ-هۆلشتاین بەردەوام بین، ئەوا پێویستیمان بە کارمەندی پسپۆڕ هەیە، هەڵبەتە من پشتیوانیی ئەوەش دەکەم کە ئەو کەسانەی لێرەن فێریان بکەین و لەناو بازاڕی کاردا ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، بەڵام بێگومان پێویستیمان بە کۆچبەریش هەیە، وەک لە سەرەتادا ئاماژەم پێ دا، ئێمە وڵاتێکین کە خۆمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و نیشتمانی سەلماندووە، وەک وڵاتێک کە هەستی پێشوازیکردن تێیدا زۆر بەهێزە، پێموایە بەراست ی دەتوانین دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنین، هەر بۆیە بڕیارمان داوە کە لەم کابینەیەدا "ناوەندی پێشوازی" لە شلێسڤیگ-هۆلشتاین دابمەزرێنین و ئێستا کار دەکات، تاکو راست ەوخۆ پەیوەندی بە خەڵک، هەرێمەکان و حکومەتەکانەوە بکەین و بە کەمترین رێکاری کارگێڕی، دەرفەتی کار بۆ خەڵک لە شلێسڤیگ-هۆلشتاین رێک بخەین و بتوانن لێرە دەست بە ژیان بکەن.
رووداو: بەڵێ بیرۆکراسی لە ئەڵمانیا زۆر ئاڵۆزە، ئەمە رێگەکە سەخت دەکات.
دانیێل گیونتەر: بەڵێ، راستە، ئەگەر مرۆڤ لە نزیکەوە سەیری کەیسەکان بکات، کە چەندە دەخایەنن، تەنانەت لەرێگەی وەزارەتی دەرەوەشەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە بڕوانامەکان و ئەگەر ئەو کەسانە فێربوونی پیشەیەکیشیان تەواو کردبێت، ئێمە لە ئەڵمانیا لەم بوارەدا ناگەینە ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمە کێشەیە، پێویستە لەسەر ئاستی فیدراڵیش چاکسازی بۆ بکرێت، بەڵام ئێمە دامەزراوەی تایبەتمان لە رێگەی "ناوەندەکانی پێشوازی"یەوە هەیە، لەو شوێنانەدا کەسانی پسپۆڕ هەن کە دەزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتانەدا بکەن و کاربەدەست هەن کە ئامۆژگاری و یارمەتیی خەڵک دەدەن تاکو بچنە ناو بازاڕی کاری هەرێمی شلێسڤیگ-هۆلشتاینەوە.
رووداو: زۆر سەیری هەڤپەیڤینەکانت دەکەم، لە یەکێکیان کە زۆر دڵخۆشیکردم بڕیاری قەدەخەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ کەسانی تەمەن خوار 18 ساڵ، ئەمەم زۆر پێباش بوو زۆر ئومێدەوارم ئەمە لە ئەڵمانیا جێبەجێبکرێت، بۆم روونبکەرەوە بۆچی ئەوەندە گرنگە لاتان قەدەخەکردنی بەکارهێنانی تۆرەکۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵان؟
دانیێل گیونتەر: ئێمە کاریگەرییەکانی دەبینین و ئەگەر مرۆڤ بەراست ی خۆی بەم بابەتەوە خەریک بکات، بەداخەوە کارەسات دێنە ئاراوە، بە بڕوای من پێویستە ئەمە نەک تەنیا لە ئەڵمانیا، بەڵکو لە ئەورووپاش چارەسەر بکرێت، من تەنیا دەتوانم پێشنیاری بکەم لەسەر ئاستی جیهانیش هەوڵی بۆ بدرێت، چونکە کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر کەسانی خوار 16 ساڵ بەراست ی ترسناکە، لەبەر ئەوەی ئێمە وەک دەوڵەت و وەک دایک و باوک دەرفەتمان نییە رێگری لەوە بکەین کە گەنجان رووبەڕووی دەبنەوە، ئەوان لەو تەمەنەدا ناتوانن خۆیان بپارێزن، پێموایە روون ە کە لە هەموو ڕاپرسییەکاندا زۆرینەی کەسانی تەمەن 10 بۆ 16 ساڵ و هەروەها 16 بۆ 18 ساڵیش، پشتیوانیی قەدەخەکردنێکی لەو شێوەیە دەکەن، واتە، خۆیان ئاگاداری کاریگەرییە خراپەکانی هەن، کە بە ئاسانترین شێوە رێگە بۆ بەرزبوونەوەی تووندوتیژی، ڕادیکاڵبوون و تووندڕەوی خۆش دەکات، ئەو کەسانەی هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن، دەزانن کە پێویستە گەنجانمان بپارێزین، من خۆم وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێم هەست بەو بەرپرسیارێتییە دەکەم، چونکە منیش دوو کچم هەیە، کە تەمەنیان نۆ و شەش ساڵە، ئەوەش یارمەتیدەر نییە کە بە تەواوی لێیان قەدەخە بکەین، بەڵکو دەبێت بە خاوەنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵێین کە پێویستە دەرفەتەکانیان بۆ منداڵانی ژێر 16 ساڵ سنووردار بکەن، پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم رێگەیە بڕۆین، ئەگەر نا، لانی کەم پێویستە لە ئەورووپا بڕیاری لەسەر بدەین، چونکە ئێمە بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر نەوەکانی داهاتوو هەیە، ئەمە دەکرێت، ئوسترالیا ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکات، تەنانەت بە هاوکاری لەگەڵ پلاتفۆرمەکاندا، میکانیزمێکیان داهێناوە کە رێگری لە بەکارهێنانی دەکات بۆ منداڵانی خوار تەمەنی 16 ساڵ، نابێت وا بیر بکەینەوە کە ئەمە دەبێتە رێگرییەکی تەواوەتی، چونکە سەرەرای قەدەخەکارییەکانیش، هەمیشە کەسانێک دەبن کە یاساکان پێشێل دەکەن، دایک و باوکانێک دەبن کە یارمەتیی منداڵەکانیان دەدەن بۆ ئەوەی سۆشیال میدیا بەکار بهێنن، بەڵام یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی زۆرێک لە خەڵک لە کاریگەرییە خراپەکانی رزگاریان ببێت، ئەمە لەڕووی تەکنیکییەوە شیاوی جێبەجێکردنە، نەک تەنیا ئێمە لە شلێسڤیگ-هۆلشتاین بەم بابەتەوە سەرقاڵین، بەڵکو سەرۆکایەتیی دانیمارکیش بۆ ئەنجومەنی یەکێتیی ئەورووپا ئەمەی کردووەتە بابەتێکی گرنگ، ئیمانوێل ماکرۆن رایگەیاندووە کە ئەگەر ئەورووپا ئەم کێشەیە چارەسەر نەکات، ئەو لە فەرەنسا چارەسەری دەکات، لەم بوارەدا دەستپێشخەریی تریش هەن، دڵنیام کە لە کۆتاییدا بۆ پاراستنی منداڵان سەردەکەوین.
رووداو: بەخۆشحاڵییەوە چاوەڕیی ئەو رۆژە دەکەم و بەرنامەی لەسەردەکەم، بەڕێز سەرۆکوەزیران دەمەوێت سەبارەت بە دۆخی ئێستای سووریا پرسیارت لێبکەم، ئێوە ئاگاداریی دۆخی ئێستای سووریان دەزانن کە کورد تاکە هێزە کە سەقامگیریی لە رۆژئاوا بپارێزێت، پێتانوایە کە ئەڵمانیا بەپێویست رۆلی هەیە لە گێڕانەوەی سەقامگیریی بۆ سووریا، یاخود پێتان وایە دەبێت بە بەهێزتربێت و زیاتر پشتیوانی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بکات؟
دانیێل گیونتەر: بە بڕوای من بەڵێ، ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەو بابەتە دەبێت، حکومەتی فیدراڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا و وەزیری دەرەوە، یۆهان ڤادەفوول، هەموویان کاری لەسەر دەکەن، ئێمە رۆڵێکی بەرچاو لەم ناوچەیەدا دەگێڕین، پێموایە ئەوە بۆ ئێمە گرنگ دەبێت، بەگشتیش، لە ئەورووپادا پێویستیی ئەوە هەبوو کە ئەڵمانیا وەک گەورەترین دەوڵەت لە نوێنەرایەتیکردنی هەموو بەرژەوەندییەکاندا لە ئەورووپا رۆڵێکی گونجاو بگێڕێت، دوای گۆڕینی حکومەت، ئەمە بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە؛ ئەڵمانیا هەڵوێستی بەرامبەر هەموو بابەتەکان هەیە و لە هەندێک بابەتدا رۆڵی سەرەکیشی هەیە، بە بڕوای من شتێکی باشە کە ئەم رێگەیە هەڵبژێردراوە و کۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیا لەم ناوچەیەدا بە متمانەبەخۆبوونەوە بووەتە خاوەن هەڵوێست لە هەرێم و لە یەکێتیی ئەورووپادا.
رووداو: گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت کە ریگە بە هاووڵاتییانی سووریا بدرێت سەردانی سووریا بکەن و پاSان بڕیار بدەن کە بگەڕێنەوە بۆ سووریا یان نا، پشتگیریی لەم پلانە دەکەن؟
دانیێل گیونتەر: بە بڕوای من لە ئەڵمانیا بۆ ئەم گفتوگۆیە هێشتا زوو بوو، چونکە خەڵک وا بیریان دەکردەوە کە دوای ڕووخانی ئەسەد هەموو شتێک ئاسایی بووەتەوە و هەموو کەس دەتوانێت بگەڕێتەوە، من دژی ئەمە وەستامەوە، چونکە لای من هیچ هۆکارێک نییە کە پێشنیار بۆ ئەو کەسانە بکەین کە بەباشی خۆیان گونجاندووە بگەڕێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، باش تێدەگەم کە کەسانێک هەبن بڵێن "من هەست بە مەترسی ناکەم و حەز دەکەم بگەڕێمەوە وڵاتە کۆنەکەی خۆم،" نابێت رێگە لە هیچ کەسێک بگیرێت، دوای گۆڕینی حکومەت، ئەمە بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕاوە؛ ئەڵمانیا هەڵوێستی بەرامبەر هەموو بابەتەکان هەیە و لە هەندێک بابەتدا رۆڵی سەرەکیشی هەیە، بە بڕوای من شتێکی باشە کە ئەم رێگەیە هەڵبژێردراوە و کۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیا لەم ناوچەیەدا بە متمانەبەخۆبوونەوە بووەتە خاوەن هەڵوێست لە هەرێم و لە یەکێتیی ئەورووپادا.
رووداو: باشە ئەگەر کەسێکی سووری یان ئەفغانی تاوانێکی ئەنجامدا ئێوە لەگەڵ ئەوەدان کە دیپۆرتی سووریا و ئەفغانستان بکرێنەوە؟
دانیێل گیونتەر: بەڵێ، من هەڵوێستێکی روون م هەیە، من پشتگیریی سیاسەتێکی لیبراڵ (ئازادڕەوانە) دەکەم، بەڵام ئەگەر خەڵک ببنە تاوانبار، ئەو کاتە من لەگەڵیاندا نیم، لێرەدا من پشتیوانیی ئەوە دەکەم کە ئەو کەسەی پابەندی رێکارەکان نابێت یان کەسێکی تر بە قورسی بریندار دەکات و لە ئەڵمانیا سزا دەدرێت، ئەو کەسە نابێت لە ترسی ئەوەدا بێت کە لە دۆخێکی خراپتردا دەبێت لەو وڵاتەی بۆی دیپۆرت دەکرێتەوە، پێموایە پێویستە مرۆڤ پێشتر بیری خۆی بکاتەوە، ئەگەر کەسێک ستاتۆی میوانێکی هەبێت—چونکە لە سەرەتادا مرۆڤ میوانە و بە تەواوی خۆی نەگونجاندووە و مافی وەرگرتنی ڕەگەزنامەی نییە—دەبێت زۆر بەباشی هەڵسوکەوت بکات، ئەگەر ئەمە نەکرا، ئەو کاتە سنوورداشکردنەوە شتێکی رەوایە و هیچ کێشەیەکم لەگەڵ ئەوەدا نییە کە بۆ ئەفغانستان و سووریاش خەڵک دیپۆرت بکەینەوە، مرۆڤ دەتوانێت بەرپرسیارێتیی ئەوە هەڵبگرێت، لە روانگەی تێگەیشتنی مەسیحی و ئەخلاقیی خۆمەوە، بە گەرمی پشتیوانیی ئەو بڕیارە دەکەم.
رووداو: پێشنیازێک هەیە کە خزمەتگوزارییەکان وەک قەرز بدەنە کۆچبەران کە دواتر دەبێت بیدەنەوە ئایە ئەمە چارەسەرێکە راتان لەسەر ئەمە چییە؟
دانیێل گیونتەر: بەڵێ، ئێمە ئامرازێکمان لە وڵاتی خۆماندا لە هەندێک بواری تردا هەبوو، کە ئەگەر مرۆڤ یارمەتیی دارایی بۆ فێربوونی پیشەیەک وەربگرتایە، پێویست بوو بەشێک لەو یارمەتییانە بگەڕێنێتەوە.
رووداو: منیش قەرزی خوێندنم هەموویم دایەوە..
دانیێل گیونتەر: من مانگانە تەنیا 78،15 مارکم وەردەگرت، دەرفەت هەبوو بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارەیە، بە بڕوای من باشە ئەگەر بگەڕێندرێنەوە.
رووداو: زۆر راستە.
دانیێل گیونتەر: ئەگەر کەسێک لە سەرەتادا یارمەتیی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای یاسای یارمەتیدانی پەناخوازان وەربگرێت، دواتر یارمەتیی وەک "یارمەتیی هاووڵاتیبوون" (Bürgergeld) وەربگرێت، پاشان کار بکات و باج بدات، من پێموایە ئەوە رێگەیەکی راست ە کە مرۆڤەکان بگەینینە ئەو ئاستەی کە خۆیان داهاتی خۆیان پەیدا بکەن، ئەو کەسەی لە ئەڵمانیا کار دەکات، لەسەر ئەو بنەمایە باجیش دەدات، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەوە قەرەبووکردنەوەی ئەوەیە، ئەگەر لە ئەڵمانیا دۆخێکمان هەبێت کە مرۆڤ بەهۆی هەڵاتن یان هۆکاری ترەوە دێتە وڵاتەکەمان و بەهۆی رێکارەکانەوە، کارکردن بۆ بەشێک لەوان قەدەخە بێت، ئەو کاتە مرۆڤ ناتوانێت لە لایەکەوە بڵێت "ئێمە سزایان دەدەین و دەبێت وەک قەرز بیگەڕێننەوە،" من گومانم لەو پێشنیارە هەیە، ئایا ئەوە رێگەیەکی راست ە؟ من لە بنەماکەی تێدەگەم، پێموایە ئەگەر مرۆڤ لە رۆژی یەکەمەوە رێگە بەو کەسانە بدات کە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان کار بکەن، ئەوە رێگەیەکی سەرکەوتووتر دەبێت، چونکە بەم شێوەیە قبووڵکردنی کۆمەڵایەتی بۆ ئەم بابەتە زیاتر دەبێت.
رووداو: فێربوونی زمانیش گرنگە چەند سالێک پیش ئێستا کۆچبەران رێگەیان پێنەدەدرا.
دانیێل گیونتەر: بەڵێ، ئەوەش دێتە سەری، هەروەها پێموایە مرۆڤ لە کاتی کارکردندا فێری زمان دەبێت، بە بڕوای من پێویستە مرۆڤ بەم شێوەیە بیکات: نەک لە سەرەتادا نەتوانێت کار بکات، دواتر دەبێت فێری زمان بێت و ئینجا پێویستە کار بکات، دڵنیام کە زۆر کارگە لە هەرێمەکەماندا هەن کە بەرپرسیارێتیی ئەوە هەڵدەگرن کە ئەگەر کەسێک زمانەکەشی بەباشی نەزانێت، هەر بەشێک دەبێت کە بتوانێت لەوێ خزمەتمان بکات، لە هەمان کاتدا مرۆڤ دەتوانێت فێری زمانەکەش ببێت، مرۆڤ لە ژیانی رۆژانە و لە کارگەدا فێر دەبێت، لە ئەزموونی خۆمەوە دەزانم کە لە وانەی ئینگلیزیشدا، ئێمە بە خوێندنەوەی وشە و هەڵبژاردنیان فێری ئەو زمانە بووین، ئەگەر ئەمڕۆ سەیری ئەوە بکەم کە گەنجان چۆن فێری ئینگلیزی دەبن لەکاتی بەکارهێنانیدا لە قوتابخانە و لە شوێنی کار—بەو شێوەیە خێراتر فێر دەبن، پێموایە دەبێت ئێمە لە هەرێمەکەماندا نەرمتر بین.
رووداو: گەورەترین ئۆپۆزیسیۆن لە ئەڵمانیا پارتی AFD ، دەبێت چی بکرێت تاوەکو پارتی AFD بەهێزتر نەبێت؟
دانیێل گیونتەر: بە بڕوای من ئەوە یارمەتیی پارتە دیموکراتەکان دەدات، پێویستە هاوکاریی یەکدی بکەین، دەبێت لە زمان و ئاخاوتندا لە تووندڕەوەکان جیاواز بین، پێویستە بە شێوەیەکی ئەرێنی باسی هەرێمەکەمان بکەین و گرنگی بەو شتانە بدەین کە بەباشی بەڕێوەناچن و چارەسەریان بکەین، بە بڕوای من ئەوە دژی تووندڕەوان لە هەمووی گرنگترە، ئێمە لە ساڵی 2022 لە شلێسڤیگ-هۆلشتاین سەلماندمان، شەڕی یەکدیمان نەکرد، بەڵکو لە یەکدی گەیشتین، بەرامبەر ئۆپۆزیسیۆن و بە پێچەوانەشەوە هەمان زمانمان بەکار هێنا، کەس ئازاری پێنەگەیشت، ئێمە بابەتەکانمان گەورە نەکرد، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنیان کارمان کرد، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی لە شلێسڤیگ-هۆلشتاین لە ساڵی 2022 ئەوە بوو کە ئێمە بووینە تاکە پەرلەمان کە بێ تووندڕەو بووین، پارتی "ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا" (AFD) لە پەرلەمانی شلێسڤیگ-هۆلشتایندا نییە، نەیانتوانی سنووری 5٪ تێپەڕێنن، پێموایە ئەمە مۆدێلێکی سەرکەوتنە کە لە شوێنەکانی تری ئەڵمانیاش دەتوانێت کار بکات، هەروەها لە پەرلەمانی فیدراڵیشدا، بەو هیوایەم، بە بڕوای من، زۆر شت گۆڕاوە، ئێستاش پاییزی چاکسازی و بڕیاردان دێت، مێرتز ئەوەی راگەیاندووە، پێموایە ئەگەر زۆر شت بەرەو رێگەیەکی راست بڕوات و ئەمە دڵی خەڵک خۆش بکات، ئەوا لە هەنگاوی دواتردا دەنگەکان بۆ AFD کەم دەکات.
رووداو: بەرێز سەرۆکوەزیران دوواین پرسیارم لە ئێوە ئەوەیە کە، بەڕێزتان کارێکی زۆر سەختان هەیە، پرۆگرامتان هەمو رۆژێک پڕە، چی دەکەن تاوەکو تەندروست بمێننەوە و هەروەها چی دەکەن کە ئەوەندە خۆشەویست بن، منیش زۆر حەزەم دەکرد ببمە سەرۆکوەزیران، بەڵام کە پرۆگرامەکەتانم بینی گوتم نا زۆر سوپاس.
دانیێل گیونتەر: تۆش کارێکی سەختت هەیە، بەڵام دیسان بە چالاکی دەردەکەویت، بۆیە لەوانەیە نهێنییەکت هەبێت، کە من نایزانم، بەڵام من نهێنیی خۆم ئاشکرا دەکەم، من زۆر بە تووندی ڕێکوپێکم، واتە لە کاتی دەرەوەی دەوامی فەرمیدا، من خێزانم هەیە، دوو منداڵم هەیە، هەروەها دەرفەتێکی بەنرخم هەیە کە رۆژێک لە کۆتایی هەفتەدا سیاسەت نەکەم، بەڵکو تەنیا لەگەڵ خێزانەکەمدا بم تاکو هاوسەنگییەکم هەبێت، هەروەها لەسەر بلۆگەکەی خۆم کار دەکەم و هەندێک جار دەچمە دەرەوە بۆ راکردن، من ئەمە بەردەوام لە رۆژی یەکەمەوە لە پۆستی سەرۆکوەزیراندا دەکەم، ئەگەر تۆ بڵێیت وا دەردەکەوێت کە من کەسێکی چالاکم، ئەوا من وەک پێزانینێک وەری دەگرم.
رووداو: بەریز سەرۆکوەزیران زۆر سوپاس، بەراست ی زۆر دڵخۆش بووم بە گفتوگۆکەمان زۆر سوپاس کەلەگەڵماندا بووی، هیوادارم سەردانی کوردستان بکەن و منیش لەگەلتاندا بگەرێمەوە بۆ کوردستان، دووبارە زۆر سوپاس هەر هەبن.
دانیێل گیونتەر: ئەگەر چوومە ئەوێ، راست ەوخۆ پێت دەڵێم، سوپاس، کاتێکی خۆش بوو.
رووداو: زۆر سوپاس دووبارە هەر هەبن