رۆژی چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم ساڵ بە گشتی بەهۆی وشکەساڵییەوە ساڵێکی باش نەبوو بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، بەڵام سماق پێویستی بە ئاوێکی زۆر نییە و بگرە لە کەشوهەوای گەرمدا باشتر سەوز دەبێت".
ئاکرێ سماقەکەی هاوشێوەی هەنجیرەکەی بەنێوبانگە و سێ جۆر سماقی هەیە کە بریتین لە سپی، باڵەکی و سوور.
بە گوتەی فازڵ مستەفا، هەرسێ جۆری سماق لەڕووی سەوزبوونەوە لەسەر جۆری زەوی جیاوازن. سماقی سپی لە بڵندایی چیاکان سەوز دەبێ، سماقی باڵەکی لە قەدپاڵی چیاکان، بەڵام سماقی سوور لە دەشتاییش سەوز دەبێت و تەنانەت لە سەنتەری قەزای ئاکرێش هەیە.
3 ملیۆن و 500 هەزار داری سماق لە ئاکرێ هەن. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ دەڵێت: "گرانترین و باشترین جۆر، سماقی سپییە کە خواستێکی زۆری لەسەرە؛ نرخی کیلۆیەک لە 6 هەزار دینارەوە دەست پێدەکات تاوەکو 9 هەزار دینار".
ساڵی 2023 لە ئاکرێ زیاتر لە 4 هەزار تۆن سماق هەبوو. ئەندازیار فازڵ مستەفا گوتی: "پار نزیکەی 5 هەزار تۆن سماق هەبوو، ئەم ساڵ لە رووبەری 9 هەزار دۆنمدا 6 هەزار تۆن بەرهەممان هەبووە".
سەبارەت بە هەناردەکردنی سماق، فازڵ مستەفا گوتی: "ساڵانە بەرهەمە نێوخۆییەکان، بێگومان سماقیش یەکێکە لەو بەرهەمانە کە لەلایەن کۆمپانیایەکەوە هەناردە دەکرێن و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاسانکارییان بۆ دەکات".
سەرچاوە: ڕووداو