بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، دۆسیەکانی گەندەڵی لە دژی، وڵات لە یەک هەڵدەوەشێننەوە، ئەمەش دوای ئەوەی داوایەکی فەرمیی بۆ لێخۆشبوون لە دادگاییکردن پێشکێش کرد.
سەرۆکوەزیران لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، وەکو ئاماژەیەک بە جیاوازیی نێوان لایەنگران و نەیارانی گوتی، "بەردەوامیی دادگاییکردنەکە لەیەکمان هەڵدەوەشێنێتەوە، دابەشبوونی تووند دروستدەکات و ناکۆکییەکان قووڵتر دەکاتەوە." گوتیشی: "کۆتاییهێنانێکی خێرا بە دادگاییکردنەکە یارمەتییەکی زۆر دەدات بۆ کزکردنەوەی ئاگری ناکۆکییەکان و هاندانی ئەو ئاشتەواییە بەرفراوانەی کە وڵاتەکەمان زۆر پێویستییەتی."
سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل، بە تۆمەتى گەندەڵی چەند دۆسیەیەکى کراوەى هەیە لە دادگاى وڵاتەکە و بەشێک لە کەیسەکانى بۆ ساڵانى 2007-2017 دەگەڕێنەوە.
ئۆفیسی سەرۆکایەتیى ئیسرائیل رۆژى یەکشەممە رایگەیاند: "نووسینگەی سەرۆکایەتی، ئاگادارە کە ئەمە داواکارییەکی نائاساییە و لێکەوتەی دەبێت. دوای وەرگرتنی هەموو بۆچوونە پەیوەندیدارەکان، سەرۆک بە بەرپرسیارانە و دڵسۆزانە تاوتوێی داواکارییەکە دەکات."
پێشووتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا چەند جارێک بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ داواى لە سەرۆکى ئیسرائیل کردووە لە تۆمەتەکانى نەتەنیاهوو خۆشبێت و کەیسەکانى لە دادگەى وڵاتەکە دابخات.
نەتەنیاهوو، رووبەڕووی سێ دۆسیەی گەورەی گەندەڵی بووەتەوە، هەموویان بە فەرمی لە ساڵی 2019 خرانەپاڵی.
دۆسیەی 1000 پەیوەستە بە وەرگرتنی دیاریی لە هاوڕێ ملیاردێرەکانی، کە لەنێوان ساڵانی 2007 بۆ 2016 روویانداوە.
دۆسیەی 2000 تایبەتە بە دانوستاندنی لەگەڵ رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت بۆ رووماڵی ئەرێنی لەسەر خۆی و هاوژینەکەى، کە لەنێوان ساڵانی 2008 بۆ 2014 کراوە.
دۆسیەی 4000 پەیوەستە بە پێدانی ئاسانکاریی بە کۆمپانیای پەیوەندییەکانی شاول ئێلۆڤیچ لە بەرامبەر رووماڵی میدیایی ئەرێنی لەسەر خۆی و حکومەتەکەى، کە لەنێوان ساڵانی 2012 بۆ 2017 روویداوە.
سەرچاوە: ڕووداو