بەهۆی ترەمپەوە داواکاریی ئەمریکییەکان بۆ وەرگرتنی وڵاتینامەی بەریتانیا زیادی کردووە

لەدوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، زۆرترین ئەمریکی روویان لە بەریتانیا کردووە و داوای وڵاتینامەیان لەو وڵاتە کردووە.

ئازاری 5, 2025 - 22:31
بەهۆی ترەمپەوە داواکاریی ئەمریکییەکان بۆ وەرگرتنی وڵاتینامەی بەریتانیا زیادی کردووە

رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئاداری 2025، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ئاماری ئەو ئەمریکیانەی بڵاوکردووەتەوە، کە لەساڵی 2024ـدا داوای وڵاتینامەیان لە بەریتانیا کردووە. زۆرترین داواکاریش لە سێ مانگی کۆتایی پاردا بووە، کە هاوکات بووە لەگەڵ سەرکەوتی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ساڵی رابردوو زیاتر لە 6 هەزار و 100 ئەمریکی داوای وڵاتینامەیان لە بەریتانیا کردووە، ئەم ژمارەیەش دووهێندەی ئەو ئەمریکیانەیە، کە لەساڵی 2004 ئەو داوایەیان لە بەریتانیا کردبوو. بەپێی ئامارەکان لە مانگەکانی تشرینی یەکەم، تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی رابردوو، کە هاوکات بوو لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، زۆرترین ئەمریکی داوای مافی وڵاتینامەیان لە بەریتانیا کردبوو کە هەزار و 708 ئەمریکی بوون.

 مادلین سمسن، بەڕێوەبەری دەزگەی روانگەی کۆچبەران لە زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانیا، رایگەیاند، هەرچەندە هۆکاری سیاسیی، هۆکاری سەرەکیی نییە لە کۆچکردن و پەنابەربوونی خەڵک لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە، بەڵام فاکتەرێکی گرنگیشە لەوەی هاووڵاتیان هەست بە ناسەقامگیریی بکەن، کاتێک ناکۆکی سیاسیی لە وڵاتێک بەدیدەکرێت.

 ئێستا پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئەورووپا لە ئاستێکی خراپدایە، بەهۆی گۆڕانی سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە پرسی جەنگی ئۆکراینا و ناکۆکییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا لەبارەی چۆنیێتی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، کە زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە.

سەرچاوە: ڕووداو