هۆڵی رۆشنبیریی رانیە کرایەوە
لە قەزای رانیەی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، کارەکانی دروستکردنی هۆڵی رۆشنبیریی رانیە تەواو بوون؛ بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەریی راپەڕینیش دەڵێت، "هۆڵەکە خەونی تەواوی رۆشنبیران و هونەرمەندان بوو، دیارییەکی بەنرخە بۆ خەڵکی دەڤەرەکە."

ئەمڕۆ 5ـی ئاداری 2025، هیوا مستەفا، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەریی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بە رووداوی گوت "ساڵی 2018 بڕیاری دروستکردنی هۆڵی رۆشنبیریی رانیە درا.
لە ساڵی 2021ـدا بەهۆی قیرانی داراییەوە پرۆژەکە وەستا. لە ساڵی 2023 جارێکی دیکە بە فەرمانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەست بە تەواوکردنی پرۆژەکە کرا و بەم دواییە تەواو بوو."
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی "هۆڵی رۆشنبیریی رانیە بە گوژمەی 2 ملیار و 643 ملیۆن دینارە دروستکراوە و کارەکانی تەواو بوون." هۆڵەکە 453 کەس دەگرێت. بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەریی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین گوتی: "بۆ رێکخستنی بۆنە و رێوڕەسمەکان بەڕێوەبەرایەتی تایبەتیی خۆی هەیە."
هۆڵەکە ئەمڕۆ لە 34ـەمین ساڵیادی راپهرین دا، له مهراسیمێك لهلایهن بهرپرسانی حكومی و خهڵكی دهڤهرهكە كرایهوه. بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەریی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رایگەیاند: "ئەو هۆڵە خەونی تەواوی رۆشنبیران و هونەرمەندانی رانیە بوو؛ دیارییەکی نایابە بۆ خەڵکی سنوورەکە؛ دەکرێ تەواوی هونەرمەندان و رۆشنبیران پرۆژەی جوانی تێدا پێشکێش بکەن." پرۆژەی هۆڵی رۆشنبیریی رانیە، لەسەر رووبەری 13 هەزار و 600 مەتر دروست کراوە.
بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین گوتی"دامەزراوەی ڤین بۆ کاری کولتووری، دیارییەکی بەنرخیان پێشکێش بە هۆڵەکە کرد کە سیتسمێکی سینەمای فۆڕکەیە."
سەرچاوە: ڕووداو