بۆچی ئارنۆڵد دەستی لە ژمارە 66 هەڵگرت؟

پێدانی ژمارە 12ی ریال مەدرید بە ئەلیکساندەر ئارنۆڵدی بەرگریکەری نوێی یانەی ریال مەدرید، بووەتە جێگەی پرسیار لای هاندەرانی ئەو یانەیە.

حوزەیری 15, 2025 - 21:06
بۆچی ئارنۆڵد دەستی لە ژمارە 66 هەڵگرت؟

ئارنۆڵد بەدرێژایی کاروانی یارییکردنی لە لیڤەرپوول تەنیا درێسی ژمارە 66ی دەپۆشی، دەیویست لە ریال مەدریدیش درێژە بەهەمان شت بدات، بەڵام لەو یانەیە ناچارکرا ژمارەی درێسەکەی بگۆڕێت بۆ 12 کە پێشتر مارسێلۆ لەو یانەیە پۆشیویەتی.

رۆژی سێشەممە، ریال مەدرید رێوڕەسمی ناساندنی ئارنۆڵدی وەک یاریزانی نوێی یانەکە ئەنجامدا، پاشئەوەی ئامادەنەبوو گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول نوێبکاتەوە و بڕیاریدا لەو یانەیە بێتە دەرەوە.

 بەرگریکەرەکەی باڵ لە ریال مەدرید کە لە ئەکادیمیای لیڤەرپوول لە تەمەنی 6 ساڵییەوە پەروەردە بووە، دوای بیست ساڵ یارییکردن لەو یانەیە، لە کۆتاییدا هاتە دەرەوە، ئەو دەیویست هەمان ژمارەی درێس بپۆشێتەوە بەڵام لالیگا رێگەی لە خەونەکەی گرت.

سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، ئارنۆڵد ویستی پۆشینەوەی هەمان ژمارەی هەبووە لە ریال مەدریدیش، بەڵام یاساکانی لالیگا رێگەنادەن هیچ یاریزانێک لەسەرووی ژمارە 25 ەوە بپۆشێت.

 ئارنۆڵد لە دوای ناساندنی وەک یاریزانی نوێی ریال مەدرید، لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا لەبارەی هۆکاری وەرگرتنی ژمارە 12 لە ریال مەدرید، گوتی، لەبەرئەوەی تەنیا ئەو ژمارەیە مابووەوە، بۆیە ژمارە دوانزەم وەرگرت.

ئارنۆڵد لەگەڵ ریال مەدرید گەشتی ئەمریکای کردووە بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان و لە یەکەم یاریدا ئەو یانەیە رووبەڕووی هیلالی سعودی دەبێتەوە.

سەرچاوە: ڕووداو