رۆناڵدۆ بەنهێنی لە دانوستاندندایە لەگەڵ دوو یاریزانی ریال مەدرید

کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەنهێنی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دوو یاریزانی ریال مەدرید بۆ ئەوەی رازییان بکات بچنە لای خۆی لە یانەی نەسڕ.

ايلول 6, 2025 - 14:14
رۆناڵدۆ بەنهێنی لە دانوستاندندایە لەگەڵ دوو یاریزانی ریال مەدرید
لە جیهانی تۆپی پێدا زۆرجار هەنگاوی چاوەڕواننەکراو روودەدەن کە دەتوانن هاوسەنگی هێزی یانە گەورەکان بگۆڕن. 
 
دەنگۆی بەهێز بڵاوبووەتەوە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت گۆڕانکارییەکی گەورە لە پێکهاتەی یانەکەیدا بکات، بەتایبەتی بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ هەندێک یاریزان.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کە هێشتا وەک هێمایەکی گەورە دەمێنێتەوە سەرەڕای تەمەنی، دەیەوێت یاریزانانی دیاریکراو بباتە ریزەکانی یانەی نەسڕ بۆ ئەوەی نەخشەی یانەکە بگۆڕێت و دەرفەتی نوێ بۆ کێبڕکێی ناوخۆیی و کیشوەری بکاتەوە.
 
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، ئەو دوو یاریزانەی ریال مەدرید کە رۆناڵدۆ گرنگییان پێدەدات بریتین لە دەیڤید ئالابا و ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر، کە گرێبەستەکانیان لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت. 
 
ریال مەدرید خۆی رایگەیاندووە کە نیازی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئالابای نییە، لەکاتێکدا چارەنووسی رۆدیگێر نادیارە بەهۆی کێشەی جەستەیی و ئاستی یاریکردنی. بۆیە، گواستنەوەی ئەگەری بۆ خولێکی دیکە بژاردەیەکی سەرنجڕاکێشە بۆیان، بەتایبەتی کە دەرفەتی باشتریان بۆ رۆڵی سەرەکی و پشوودان لەژێر گوشاری یانە گەورەکانی ئەورووپادا دەبێت.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیوەندی بەهەردووکیانەوە کردووە و پێیگوتوون "کەم ماوە بۆ داخسنی مێرکاتۆی خولی سعودیە، وەرن لەوێ دەتوانن چێژ لە ژینگەیەکی وەرزشیی نوێ وەربگرن".
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، لەوانەیە رۆناڵدۆ سەرکەوتووبێت لە رازیکردنی ئەو دوو یاریزانەی ریال مەدرید، چونکە ئەوانیش لەوە تێگەیشتوون کە ئەوە دەرفەتێکە بۆ ئەوان گرێبەستی گرانبەها بەدەستبێنن و کاروانی وەرزشییان بەشێوەیەکی ناوازە، دوور لە گوشار و  دوور لە چاوی راگەیاندنەکانی ئەورووپا تەواو بکەن.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کە میراتێکی مێژوویی لە جیهانی تۆپی پێدا هەیە، هێشتا ئامانجی کەسیی زۆری ماوە سەرەڕای گەیشتنی بە تەمەنی 40 ساڵی، بۆیە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، هەوڵدەدات کۆمەڵێک یاریزانی بەهێز کۆبکاتەوە کە بتوانن پشتگیری لە کاروان و خەونەکانی لەم وەرزەدا بکەن.
سەرچاوە: ڕووداو