عێراق لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە

تاوەکو ئەمڕۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ رێگەدان بە هاوردەکردن لەسەر سیستمی ئەسیکۆدا رێکنەکەوتوون. سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکاران دەڵێت: "بەشێکی بازرگانانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی دۆلار لە بەسڕەوە کالا و کەلوپەل هاوردە دەکەن".

كانوونی یەکە 11, 2025 - 13:13
عێراق لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە
پێدانی زانیاری و گومرگی پێشوەختە بۆ کاڵا هاوردەکان، بەشێکی سەرەکیی سیستمی ئەسیکۆدایە، کە تاوەکو ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر نێوەڕۆکەکەی رێکنەکەوتوون.
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی ئەوەی هەرێمی کورستان پابەندی سیستمی ئەسیکۆدا نەبووە، حکومەتی عێراق ئامادە نییە دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بۆ ئەو بازرگانانە حەواڵە بکات، هاوردەیان لە هەرێمی کوردستانەوەیە".
 
لە هەرێمی کوردستان 41,562 کۆمپانیا دامەزراون، حکومەتی عێراق دەیەوێت لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆداوە ناچاریان بکات، هەموو کۆمپانیاکان پێش هەموو هاوردەکردنێک زانیاری و گومرگیان پێ بدەن.
 
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران گوتی: "ئێستا بازرگانانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی دۆلاریان بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی بۆ حەواڵە بکرێت دەبێ کاڵاکان لە بەسڕەوە هاوردە بکەن و گومرگ بدەنە حکومەتی عێراق".
 
بەگوتەی سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران، هاوردەکردنی شتومەکی بازگانی لە دەروازەکانی عێراقەوە زیانی بۆ بازرگانان نابێت و نابێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخیش.
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکەی حکومەتی عێراق زیانە بۆ داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، چونکە هەر بازرگانێک لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە وەکو ئیبراهیم خەلیل، یان باشماخ و حاجی ئۆمەرانەوە کەرەستەکانی هاوردە بکات و گومرگ بە هەرێمی کوردستان بدات هیچ بڕە دۆلارێکی بە نرخی بانکی ناوەندی بۆ خەرج ناکرێت.
 
سیستمی ئەسیکۆدا چییە؟
 
کۆدێکی 14 ژمارەیی بێ هاوتایە، کۆمپانیاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتە نێو سیستمێکی ئەلیکترۆنی بۆ مامەڵەی بازرگانی کە بە ئەسیکۆدا ناسراوە.
 
ئەسیکۆدا شێوازێکی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی گومرگە بازرگانیی دەرەکی تێدا رێکخراوە و زانیاری لەسەر جۆرى کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات، ئەوە جگە لە ئاسانکاریی رێوشوێنەکانی گواستنەوەی کاڵا. هەر وڵاتێکى بەشدار سیستمی تایبەت بە خۆی دەبێت.
 
ئەو کۆمپانیایانەی ئەو کۆدەیان هەیە، دەتوانن لە دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە کاڵا بە نرخی فەرمی دۆلار هاوردە بکەن.
 
بۆ دەرهێنانی کۆدی نێو سیستمی ئەسیکۆدا، دەبێ کۆمپانیاکان ناسنامەی باجیان هەبێت کە پاکتاوی باجەکانیان کردووە، هەروەها پاڵپشتیی بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری کۆمپانیاکان رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی عێراق بکەن.
 
108 وڵات و ناوچەی جیهان کار بە سیستمی رێوشوێنی بازرگانی ئەسیکۆدا دەکەن کە زۆرینەیان لە کیشوەری ئەفریقا و ئەمریکای باشوورن، بەڵام تاوەکو ئێستا لەنێوان هەولێر و بەغدا، رێککەوتنی کۆتایی لەسەر نەکراوە.