ئەمبەرین زەمان لەڕاپۆرتێکی سیاسیدا کە لە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر لە ١٠ ی شوباتی ٢٠٢٦ بڵاوی کردووەتەوە دەنووسێت:
لانی کەم ١٠٠ شەڕڤانی سەر بە پەکەکە لە خاکی سووریاوە پەڕینەوە بەرەو هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی قەندیل لەسەر سنووری ئیران. سێ سەرچاوەی متمانە پێکراوی ئەلمۆنیتەر هەواڵەکەیان پشتڕاست کردووەتەوە و ئاماژەیان بە هەماهەنگیی هەرێمی کوردستانی عێراق و هێزەکانی ئەمەریکا کردووە کە داڕێژەری ڕێککەوتنەکە بوون لە نێوان هەسەدە و حکوومەتی کاتیی ئەحمەد شەرع کە ڕۆژی ٣٠ ی کانوونی دووەم واژۆ کراوە.
ئەم ڕێککەوتنە وەشانێکی نوێی تاکلایەنە ئیمزاکراوەکەی ڕۆژی ١٨ ی هەمان مانگ بوو کە هەسەدە داوای هەموارکردنی دەکرد بۆ ڕاگرتنی شەڕی خوێناویی چەند هەفتەیی هەردوو لا. دەسەڵاتی خۆسەری کوردەکان لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا لەو شەڕەدا زیاتر لە ٨٠٪ ئەو ناوچانەی لەدەست دا کە پێشتر کۆنترۆڵی کردبوون. بە پێی مەرجە نوێکانی ڕێککەوتنە هەموارکراوەکە، هەسەدە چوار لیوای چەکداری دەبێت لەژێر فەرماندەیی سوپای نیشتمانیی سووریادا. ئەمەش یەک لە داواکارییە سەرەکییەکانی کورد بوو بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانیان.
تورکیا زۆر بە توندی دژی هەر جۆرە مانەوەیەکی چەندی و چۆنایەتیی هێزەکانی هەسەدە بوو بە هۆی پەیوەندییان بە پەکەکەوە، چونکە تا هاوینی ڕابردووش شەڕی سوپای تورکیایان کردووە بۆ سەربەخۆیی خۆیان. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە لەسەر داوای ڕێبەری زیندانیکراو، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و ڕاگرتنی شەڕی درێژخایەنەی چوار دەیەی خۆیان دا.
بەپێی سەرچاوەکەی ئەلمۆنیتەر، پرۆسەی گواستنەوەی شەڕڤانانی پارچەکانی تری کوردستان بۆ هەرێمی کوردستان دوابەدوای کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٢ ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە نێوان سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی هەسەدە دەستی پێ کردووە. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، کە لە پشتی پەردەوە و بە هێمنی ڕۆڵی کاریگەری گێڕا و بەستەڵەکی ناکۆکییەکانی تواندەوە بۆ گەییشتن بە ڕێککەوتن، بە فەرماندەی هێزەکانی هەسەدەی ڕاگەیاند کە هەنگاو بەرەو بنیاتنانی متمانە بنێن، ئەویش ئامادەییی هەسەدەی پیشاندا بۆ ئەو هەنگاوە.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و ئیبراهیم کاڵین-ی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیاش خۆشحاڵیی خۆیان بەم هەنگاوە پیشاندا. یەکێک لە سەرچاوەکانی تر وتی: لەوانەیە ئەم هەنگاوە نەرمی پیشاندانی زیاتری تورکیای بەدوادا بێت سەبارەت بە مانەوەی چوار لیوای کوردییەکە لە ناو سوپای نیشتمانیی سووریادا.
سەرچاوەکانی هەواڵەکە پێیانوایە کە ژمارەی تەواوی شەڕڤانانی پارچەکانی تری کوردستان هێشتا ڕوون نییە، بەڵام گەڕانەوەیان بۆ قەندیل بەردەوام دەبێت. بێ ئەوەی وردەکارییەکان باس بکەن.
مەزڵوم کۆبانێ و چەندین فەرماندەی تری کوردانی سووریا کە سەرپەرشتیی ئیدارەی باکووری خۆرهەڵاتی سووریایان کردووە، پێگەی کاریگەریان هەبوووە لە نێو ڕیزەکانی پەکەکە پێش گەڕانەوەیان بۆ سووریا لە سەرەتای ململانێ و ئاڵۆزییەکانی سووریا لە ساڵی ٢٠١١ کە هێزەکانی پاراستنی گەل بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیلی کوردانی سووریا دامەزران.
ئیلهام ئەحمەد، وەکوو وەزیری دەرەوی دیفاکتۆی کوردانی سووریا، چەند جارێک لەگەڵ کاربەدەستانی هەواڵگریی تورکیا کۆبووەتەوە، لە سەرەتای هەوڵەکانی تورکیا بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ کوردانی باکوور کە لە بەهاری ٢٠٢٤ ـەوە دەستی پێ کردووە؛ چاوەڕواندەکرا ئۆجەلانیش بۆ یەکەم جار ڕاستەوخۆ بەشداریی دانیشتنەکان بێت. ئۆجەلان نەک تەنیا پەکەکە هەڵوەشێنێتەوە بەڵکوو کاریگەریی خۆی لەسەر هێزەکانی هەسەدەش بەکاربهێنێت، بەڵام تا ئێستا نەیکردووە.
ئەگەر کاریگەریی سەرۆک ترامپ نەبووایە کە ڕۆڵی گرنگی بینی لە داڕشتنەوەی ڕێککەوتنەکە لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی، لەگەڵ سەرۆک ئەردۆگان و ئەحمەد شەرعی سەرۆکی کاتیی سووریا لە ڕۆژی ٢٨ ی کانوونی دووەم، ئەگەر هەسەدە بە ڕێککەوتنی ١٨ ی کانوونی دووەم ڕازی بوایە و داواکارییەکانی دیمەشق و ئەنکەرەی جێبەجێ کردایە کارەسات ڕووی دەدا.
بۆیە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی داوای لە مەزڵووم کۆبانێ کرد کە ڕێککەوتنە هەموارکراوەکە پەسەند بکات و پێکەوە کایگەری لەسەر نێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکان، تۆم باراک، دروست بکات بۆ گەییشتن بە ڕێککەوتنی ٣٠ ی کانونی دووەم.
هاوپەیمانێتی نوێی ئەنکەرە و هەسەدە لە داهاتوودا کوردانی سووریا و تورکیا پێکەوە کۆ دەکاتەوە و بەشێوەیەک باڵانسی هاوپەیمانێتیی شانشینی عەرەبی سعوودیە و شەرع ڕادەگرێت. ئەگەر هەنگاوەکان بەردەوام بن، ئاشتیی نێوان کوردانی سووریا و تورکیا دەسەڵاتە ئابورییەکانی تورکیا فراوانتر دەکات لە سووریا و عێراقیش بە ستراتیژێکی فراوانترەوە بەرامبەر هەمووی.
لە ماوەی ڕابردوودا، تورکیا سێ هێرشی سەربازیی فراوانی ئەنجام داوە بۆ سستکردنی ئەو کیانە کوردییەی کە لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا پەیدابووە. هەرچەندە ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ جۆرە هاوسەنگییەکی دروستکرد و پاڵپشتیی کوردانی سووریا لاوازتر بوو و سەرکەوتوو نەبوون لە دروستکردنی پەیوەندییەکی فیدراڵی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان و بەغداد.
لە بەرامبەردا، هەوڵەکان بۆ یەکڕیزیی هێزە کوردییەکان لەژێر چاودێریی ڕابەری کورد مسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەک لە ڕابەرە مێژوویییەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد کە نموونەی یەکڕیزیی کوردە. هەوڵی زۆری داوە کوردانی سووریا بپارێزێ و پەیوەندی بە سەرۆکی کاتیی سووریاوە کردووە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ مەزڵووم کۆبانێ پتەوتر کردووە. ئەوەبوو هەردوو لا لە ٦ ی شوبات لە هەولێر دانیشتن و مەزڵووم کۆبانێ چاوی کەوت بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و دواتر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان نۆئیل بارۆ، کۆبوونەوە.