ئەم ساڵ 11ـەیەمین ساڵە فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت. ئەم خولەی فێستیڤاڵ هاوشێوەی پار لە پارك و شاری یاریی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێ و ئامادەکارییەکان لەلایەن لیژنەیەکی باڵای چوار کەسییەوە سەرپەرشتی کراون.
ئەرسەلان عابد، ئەندامی لیژنەی باڵای فێستیڤاڵەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 650 دووکان لە فێستیڤاڵەکەدا بەرهەمەکانیان دەخەنەڕوو، کە بەشی یەکەم، هەنار و ئەو میوە خۆماڵییانەیە ئێستا بەردەستن، بەشی دووەم کاری دەستیی خانمانە و بەشی سێیەم خواردنی کوردەوارییە.
ئەرسەلان عابد گوتی: "250 دووکان تایبەتن بە فرۆشتنی هەنار، بەرهەمە پاییزییەکانی دیکە."
لە فێستیڤاڵەکەدا شیرەمەنی، هەنگوین و خۆراکە وشکەکان دەفرۆشرێن و مەرج ئەوەیە هەموویان خۆماڵی بن.
بەهۆی فیستیڤاڵەکەوە ئەمڕۆ لە هەڵەبجە کراوەتە پشووی فەرمیی، بڕیارە سبەی و دووسبەی بەردەوام بێت.
ساڵانی رابردوو بۆ فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە گلەیی ئەوە دەکرا شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێل و هاتووچۆ بۆ فێستیڤاڵەکە ئاستەنگی بۆ خەڵک دروستکردووە. ئەرسەلان عابد گوتی، لایەنی پەیوەندیدار لە ئامادەکاری بەردەوامن بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئاستەنگییەکان.
بەگوێرەی ئاماری رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، پار 285 هەزار و پێرار 270 هەزار سەردانیکار و گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزەی هەڵەبجەیان، ئەسەلان عابد گوتی: "بەگوێرەی پلانەکان، ئەم ساڵ چاوەڕێ دەکەین ژمارەکە 300 هەزار کەس تێپەڕێنێت."
پار 31ی مانگی 10 فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوام بوو. بەگوێرەی ئامادەکاری فێستیڤاڵەکە، فرۆشی فێستیڤاڵەکە بایی ملیارێک و 435 ملیۆن دینار بوو.
ئەرسەلان عابد گوتی، "ساڵ دوای ساڵ ژمارەی سەردانیکارانی فێستیڤاڵ زیاتر بووە، بۆیە ئەم ساڵیش بە هاوکاری میدیاکان چاوەڕوانی خەڵکی زیاتر دەبین."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی هەناری هەرێمی کوردستان زیاتر لە 80 هەزار تۆنە کە نزیکەی 30 هەزاری لە پارێزگای هەڵەبجەیە.