بەپێی ئەو زانیارییانەی لەناو یانەی ریال مەدریدەوە بەدەست میدیاکان گەیشتوون، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە، بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی داوە دوای ئەم دۆخە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێرێز بڕیاریداوە ڤینیسیۆس بفرۆشێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی یاریزانەکە لەگەڵ ئەلۆنسۆی راهێنەری ئاشت نەبووەوە، لەکاتێکدا ماوەیەکە بووەتە جێگەی مشتومڕێکی بەردەوام لەنێو تیپەکەدا، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر سەقامگیریی کەشی نێو یانەکە هەبووە.
دوای ئەوەی لە کلاسیکۆدا لەلایەن ئەلۆنسۆووە گۆڕانکاری بە ڤینیسیۆس کرا، ئەو یاریزانە تووڕەبوونی خۆی نەشاردەوە و بەڕووی راهێنەرەکەیدا تەقییەوە و پێیگوت "بۆچی هەر من؟ بۆ دەمگۆڕی؟ من ڤینیسیۆس جۆنیۆرم". ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و دوێنێ کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەو دووانەدا کرا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن "کۆبوونەوەکە ئامانجەکەنای نەپێکاوە".
دوای کۆبوونەوەکە ڤینیسیۆس لە بڵاوکراوەیەکدا داوی لێبوردنی لە ریال مەدرید، یاریزانەکان، هاندەرانی و سەرۆکەکەی کرد، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ناوی راهێنەرەکەی نەهێنا. هەروەها سەرچاوەکان دەڵێن "ئەلۆنسۆ داوای لێکردووە ناڕەزایی و گلەیی و سکاڵاکانی لەنێو ژووری جلگۆڕیندا بهێڵێتەوە. هەروەها داوای لێکردووە بەئاشکرا و لەبەردەم میدیاکاندا قسە لەسەر ئەو بابەتانە نەکات".
ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە فلۆرێنتینۆ پێرێز لەگەڵ ئەم جۆرە رەفتارانەدا سازش ناکات، بەتایبەتی ئەگەر کاریگەری نەرێنی لەسەر هاوڕێیانی یاریزانەکە و رۆحی تیپەکە هەبێت و دەڵێن "سەرۆکی یانەکە تووڕەیی خۆی دەربڕیوە لە رەفتاری ڤینیسیۆس دوای گۆڕینی، بەو پێیەی ئەم جۆرە مشتومڕانە لە بەرژەوەندی یانەکە یان یاریزانەکاندا نییە". هەروەها راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڤینیسیۆس خۆی ئارەزووی رۆیشتنی لە تیپەکە دەربڕیوە دوای ئەم دۆخە، ئەمەشلەوانەیە رێگەی بۆ خۆش بکات بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا بڕوات.
نوێکردنەوە و داواکارییە زۆرەکان
لە لایەکی دیکەوە، دانوستاندنەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس لەگەڵ ریال مەدرید بەتەواوی وەستاون بەهۆی داواکارییە زۆرەکانی یاریزانەکە بۆ پارە، ئەمەش لەوانەیە بیرۆکەی رۆیشتنی لە تیپەکە بەهێزتر بکات. هەروەها رۆیشتنی ئەو لەوانەیە ببێتە دەرفەتێک بۆ ریال مەدرید بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی بەگرێبەستی نوێ، لەگەڵ بە ئامانجگرتنی ئەو یاریزانانەی کە چاڤی ئەلۆنسۆ بە گونجاوترین دەزانێت بۆ وەرزی داهاتوو.
ئارەزووی ئەلۆنسۆ بۆ بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاست
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە چاڤی ئەلۆنسۆ لە هاوینی رابردوودا داوای لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە کردووە گرێبەست لەگەڵ رۆدری هێرناندێزی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچێستەر سیتی بکات. سەرەڕای ئەوەی ئەوکات پێرێز پشتڕاستی کردووەتەوەکە ئەنجامدانی گرێبەستەکە لەو کاتەدا مەحاڵە، بەڵام زیادبوونی ئەگەری رۆیشتنی ڤینیسیۆس لەوانەیە رێگە بۆ ریال مەدرید بکاتەوە بۆ دووبارە تاوتوێکردنی ئەم داواکارییە، بەتایبەتی لەسایەی ئارەزووی رۆدری بۆ رۆیشتن لە مانچێستەر سیتی.
داهاتووی ڤینیسیۆس لە مەترسیدایە
لە کاتێکدا ریال مەدرید خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە نوێکان لە وەرزی داهاتوودا ئامادە دەکات، چارەنووسی ڤینیسیۆس بەهەڵبەستراوی ماوەتەوە، لەگەڵ زیادبوونی گومانەکان لەسەر رۆیشتنی لە یانەکە. مانەوە یان رۆیشتنی یاریزانەکە پەیوەندی بە بڕیارەکانی کارگێڕییەوە دەبێت، بەڵام لەسایەی ئەم کەشوهەوا پڕ لە گرژییەدا، لەوانەیە بۆ ڤینیسیۆس قورس بێت لە تیپەکە بەردەوام بێت ئەگەر مشتومڕ لەسەری بەردەوام بێت.
سەرچاوە: رووداو