سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: پرۆسەی چارەسەری دەبێتە مۆدێلێک بۆ وڵاتانی دیکە

کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-10-2025 لە پەرلەمانی تورکیا بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان دەستیپێکرد.

تشرینی یەکە 30, 2025 - 16:49
تشرینی یەکە 30, 2025 - 16:49
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: پرۆسەی چارەسەری دەبێتە مۆدێلێک بۆ وڵاتانی دیکە
کورتوڵموش گوتاری کردنەوەی کۆبوونەوەکەی پێشکێشکرد و جەختی لەسەر ئامانجی هاوبەشکردەوە و گوتی: "ناکرێ وەها بیربکەنەوە، کە لایەنیکی پرۆسەکە ئەرکەکانی بەجێ بهێنێت و لایەنی دیکە دوابکەوێت یان بە شێوازێکی دیکە هەنگاو بنێت".
 
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەروەها بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی بە "گرنگ" وەسفکرد و رایگەیاند، پرۆسەکە چووەتە قۆناخێکی دیکە.
 
کورتوڵموش هەروەها رایگەیاند، لە پرۆسەکەدا مەودایەکی باشیان بڕیوە و گوتی: "ئەم مۆدێلەی کە دەکرێ بە مۆدیلی تورکیا ناوی ببەین، پەنا بەخوا لە ماوەی داهاتوودا بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام دەگات و راستەوخۆ لەدوای ئەوەی تورکیا دەگاتە ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر، ئەم مۆدێلە لە زۆر وڵاتدا دەبێتە نموونە. هەروەها لە زۆر وڵاتدا دەبێتە سەرمەشق بۆ چارەسەرکردنی پێکدادان".
 
بەگوێرەی پلانەکانی کۆبوونەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون؛ چەند زانیاری و وردەکارییان بۆ ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە خستە روو و وەڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.
 
ئەو بەشەی کۆبوونەوەکە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، بە شێوەی داخراو بەڕووی میدیاکان بەرێوەچوو. تەنیا 5 ئەندامی کۆمیسیۆنە 51 کەسییەکە لەگەڵ ئەوەدا بوون کە کۆبوونەوەکە بەڕووی میدیا کراوە بێت. 
سەرچاوە: رووداو