دەزگای روانگە لە دهۆک 122 ملیۆن دینار دەداتە 37 کارسازی گەنج

دەزگای روانگە کۆتاییهاتنی پڕۆژەیەکی لە سنووری پارێزگای دهۆک راگەیاند، کە راهێنانی 607 گەنجی لەخۆگرتبوو. بەڕێوەبەری بەشی بەرنامەکان لە دەزگاکە دەڵێت، 122 ملیۆن دینار دەدرێتە 37 گەنج بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان و کارسازیی بچووک.

تشرینی یەکە 30, 2025 - 16:53
دەزگای روانگە لە دهۆک 122 ملیۆن دینار دەداتە 37 کارسازی گەنج
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30-10-2025، حیکمەت محەممەد نووری، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی دەزگای روانگە لە رێوڕەسمێکدا کۆتاییهاتنی چالاکییەکی دەزگاکەی لە سنووری سێ قەزای دهۆک، سێمێل و شێخانی سەر بە پارێزگاکە راگەیاند.
 
چالاکییەکە بە هاوکاریی یونیسێف (unicef) لە 01-01-2025 دەستیپێکرد و تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوام بوو. وەک حیکمەت محەممەد نووری گوتی: ''بە گشتی هەزار و 400 گەنج تێیدا بەشدار بوون و دەزگای روانگە لەو چوارچێوەیەدا، بە گوژمەی 122 ملیۆن دینار هاوکاری دەبەخشێتە کۆمەڵێک پڕۆژەی کارسازیی بچووک."
 
لە رێوڕەسمەکەدا کامیران شڤان، بەڕێوەبەری بەشی بەرنامەکان لە دەزگای روانگە زیاتر چالاکییەکە روون دەکاتەوە و دەڵێت، سێ ناوەندی راهێنانمان لە قەزاکانی دهۆک، سێمێل و شێخان پێکهێنا و راهێنانی کارامەیی ژیان بە 607 گەنج کرا.''
 
بەگوتەی کامیران شڤان لەو 607 گەنجە، 54ـیان هەڵبژێردراونەتەوە و لەلایەن دەزگای روانگەوە کراونەتە راهێنەر و هەر کامەیان ئەرکی راهێنانی 10 بۆ 15 کەسیان پێ سپێردراوەتەوە. واتا بەگشتی راهێنان بە نزیکەی 800 کەسی دیکە کراوە.
 
بەڕێوەبەری بەشی بەرنامەکان لە دەزگای روانگە ئەوەشی خستەڕوو، لەو 607 کەسەی خۆیان راهێنانیان پێ کردبوون، لە رێگەی لیژنەیەکەوە بزنسی بچووک و پڕۆژەی 37 کەس هەڵبژێردراون و بەگشتی بە گوژمەی 122 ملیۆن دینار هاوکاریی دەستپێکردنی پڕۆژەکانیان کراوە.