ئەنجوومەنی باڵای فەتوا رێژەی زەکات، سەرفیترە و فیدییە بۆ ئەم ساڵ دیاری دەکات
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامی کوردستان رێژەی "زەکات، سەرفیترە و فیدییە" بۆ ئەم ساڵ دیاریکرد و گوتەبێژی یەکێتیی زانایان بە رووداوی گوت: سەرفیترە بۆ هەر کەسێک لانیکەم سێ هەزار دینار دەبێت و فیدییەی بەڕۆژوو نەبوون بۆ هەر رۆژێک سێ هەزار دینار دەبێت.

د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەر کەسێک دوو ملیۆن و 500 هەزار دیناری هەبێت و ساڵێکی بەسەردا تێپەڕیبێت دەبێت بۆ هەر ملیۆنێک دینار، 25 هەزار دینار بداتە هەژار و کەمدەرامەتان." ساڵی رابردوو سەرفیترە و فیدییە 2500 دیناری عێراقی بوو ئەم ساڵ 500 دینار بەرزبووەتەوە، زەکاتیش دوو ملیۆن و 100 هەزار دینار بوو، واتە بڕی 400 هەزار دینار زیادیکردووە. لەبارەی زیادبوونی بڕی پارەکە بۆ هەر یەکێکیان، عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایان گوتی: "بەراورد بە ساڵی رابردوو نرخی زێڕ و زیو بەرزبوونەتەوە، بۆیە بڕەکەی زیادبووە." هەروەها باسی لەوەشکرد: "نرخی زێڕ و زیو بۆ دیاریکردنی هەریەک لە زەکات، فیدیییە و سەرفیترە بە بنەما وەردەگیرێت." چاوەڕوان دەکرێت رۆژی 1ـی ئاداری ئەم ساڵ یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بێت. سەرچاوە: ڕووداو