ماکرۆن بۆ ترەمپ: نابێت ئاگربەست لە ئۆکراینا بە واتای خۆبەدەستەوەدان بێت
ترەمپ و ماکرۆن لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و مژاری سەرەکییان کۆتاییپێهێنانی جەنگی سێ ساڵەی ئۆکراینا و رووسیا بوو، هەرچەندە لەبەردەم کامێراکان وەک دوو دۆستی نزیک دەرکەوتن، بەڵام هەموو بۆچوونەکانیان لەسەر ئەو پرسە هاوبەش نەبوو.

شەوی دووشەممە (24ـی شوباتی 2025) ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی کۆشکی سپی کرد و لەوێ جارێکی دیکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە، دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، هەردووکیان باسیان لە ویستیان بۆ نزیککردنەوەی رووسیا و ئۆکراینا و راگرتنی جەنگ، کرد. لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەدا، ماکرۆن باسی لە گەرەنتیی ئاسایشی ئەورووپا کرد کە پێویستە ئەو ئاگربەستە بیهێنێتە ئاراوە "گەرەنتییەکەش درێژمەودا بێت." ماکرۆن بۆچوونێکی جیاوازتری لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا هەبوو لەبارەی چۆنیێتی گەیشتن بەو ئاگربەستە و گوتی، "نابێت ئاگربەست بە واتای خۆبەدەستەوەدان بێت." ئەمەش وەک ئاماژەیەک بەوەی نابێت رۆژئاوا بەرامبەر رووسیا لاواز بێت و بە هەموو مەرجەکانی ڤلادمێیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رازی بێت. هەروەها ماکرۆن دەڵێت "دەبێت ئاگربەست رێگە بە ئۆکراینییەکان بدات، بتوانن گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی پەیوەندیدار بکەن، سەبارەت بەو پرسانەی کاریگەرییان لەسەر وڵاتەکەیان دا دەبێت." گوتیشی، "ئێمە ئاشتیمان دەوێت و خوازیاریشین ئەو ئاشتییە زوو بێتە ئاراوە، بەڵام نابێت ئاشتییەکە ناسک و لاواز بێت." ماکرۆنی تەمەن 47، ساڵ، لەبارەی کۆبوونەوەی کۆشکی سپی رایگەیاند "لەو کۆبوونەوەیەدا پێشەڤەچوونی گەورە لەبارەی ئۆکرایناوە هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە وەکو ئەورووپا لە بەرپرسیاریێتی هەڵنەهاتووین لە هاوکارییکردنی ئۆکراینا، چونکە بەرەی پێشەوەیە بۆ ئاسایشی تەواوی ئەورووپا." یەکێتیی ئەورووپا لە ماوەی سێ ساڵی جەنگی ئۆکراینادا، لانیکەم 128 ملیار دۆلار هاوکاریی مرۆیی و سەربازی بۆ ئەو وڵاتە لە دژی رووسیا دابین کردووە. لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەیاندا، ماکرۆن چەند جارێک قسەی ترەمپی راستکردەوە کە ئەو پارەیەی ئەورووپا بۆ ئۆکراینای دابینکردووە، قەرز نەبووە و وەکو هاوکاری بووە. لەبەرامبەردا، ترەمپ رایگەیاند، ئامانجییەتی بەزووترین کات ئەو دۆخە چاک بکاتەوە و، "کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا بهێنین." گوتیشی "هیواداریشم بەوە بناسرێم؛ هەوڵی ئاشتیم داوە لە جیهان دا." سەرۆکی ئەمریکا هەروەها رایگەیاند بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، یان هەفتەی داهاتوو، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا سەردانی ئەمریکا بکات و لە کۆشکی سپی لەگەڵیدا کۆببێتەوە، لە داهاتوویەکی نزیکیشدا لەگەڵ پووتینی هاوتا رووسییەکەی یەکدی دەبینن. لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا راشکاوانە بە ماکرۆنی هاوتای راگەیاند 'دەبێت ئەورووپا رۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە دابینکردنی هاوکاریی دارایی بۆ ئۆکراینا.' دۆناڵد ترەمپ گوتیشی "خۆشحاڵم ئێستا گوێبیستی ئەوە دەبم؛ ئەورووپاییەکان دەیانەوێت ئەو رۆڵە سەرەکییەیان هەبێت لە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ هەموو ئەورووپا." ئەم سەردانە بەپەلەیەی ماکرۆن بۆ واشنتن، لەدوای ئەوە هات؛ هەفتەی رابردوو، ترەمپ سەرکردایەتیی ئەورووپای شۆک کرد بەوەی گفتوگۆکانی کۆتاییهاتنی جەنگی ئۆکراینا لەگەڵ رووسیا، بەبێ بەشداریپێکردنی ئۆکراینا و ئەورووپا دەستپێکرد. سەرەڕای ئەوەی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، وا دەردەکەوت، ماکرۆن و ترەمپ لە زۆر مژاردا هاوڕان، بەڵام لە قسەکاندا وادەرنەکەوت و کاتێک رۆژنامەڤانان لە ترەمپیان پرسی کە پێیوایە پووتین دیکتاتۆرە، هەروەکو چۆن هەفتەی رابردوو زیلینکسیی بە دیکتاتۆر ناوبرد، ترەمپ، وەڵامی نەبوو، لە بەرامبەردا، ماکرۆن رایگەیاند "ئەوە روونە کە رووسیا دەستدریژیکارە لەو جەنگەدا." ئەمەش وەکو توانجێکی ناڕاستەوخۆ لە بۆچوونەکەی هەفتەی رابردووی ترەمپ کە رایگەیاندبوو ئۆکراینا، نەوەک رووسیا هۆکاری هەڵگیرسانی ئەو جەنگە خوێناوییە بووە. سەرچاوە: ڕووداو