سەعدی ئەحمەد پیرە: هەفتەی داهاتوو پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، هەفتەی داهاتوو یەکێتی و پارتی دەست بە کۆبوونەوەکانیان دەکەنەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت. گوتیشی، ''پێویستە کاتێک پەرلەمان دەستبەکاربوو، سیاسەتی خۆمان بەرامبەر عێراق و وڵاتان دیاری بکەین، دەبێت هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی دیاریکراوی هەبێت.''

نیسان 10, 2025 - 19:32
سەعدی ئەحمەد پیرە: هەفتەی داهاتوو پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-04-2025، سەعدی ئەحمەد پیرە لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیکرد، لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''پارتی و یەکێتی لە دوو بەیانییەوە (شەممە) دەکرێت کۆببنەوە؛ واتا هەرچی زووترە لە هەفتەی داهاتوودا کۆ دەبنەوە.''

قوباد تاڵەبانی بە سەرۆکایەتیی شاندێک لە یۆنانە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی دێڵفی. سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، ''بە گەڕانەوەی کاک قوباد لە هەفتەی داهاتوودا کۆبوونەوەکان دەستپێدەکەن.''

 لەبارەی نێوەرۆکی کۆبوونەوەی داهاتووی پارتی و یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، ''لەسەر زۆربەی شتە گرنگەکان رێککەوتوون، ئەگەر شتێک مابێت کە بیریان چووبێت قسەی لەسەر بکەن، ئەوە دەخرێتە بەر باس، بەڵام ئەوەی گرنگە و ماوەتەوە، بابەتی دابەشکردنی پۆستەکانە.''

وەک گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، دابەشکردنی پۆستەکان بە شێوەی جیاجیا دەکرێت، ''سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتە سیادییەکان، وەزارەتە خزمەتگوزاری و هونەرییەکان، لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکەی وەک فەرمانگەکان بە جیا دابەش دەکرێن، بۆ ئەوەی هیچ شتێک نەمێنێتەوە کە لایەنێک بڵێت لە گفتوگۆکاندا باس نەکراون''.

لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکان ئاماژەی بەوەش کرد، ''ئێمە رێکدەکەوین، دەبێت گرفتەکان چارەسەر بکرێن، چارەسەریشیان بۆ دۆزراوەتەوە و پێموانییە کێشەیەکی گەورە هەبێت.'' سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بە گوتارەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد کە دوێنێ لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر جەختی لە پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی، ''ئەوە قسەیەکی باشە و پشتیوانیی ئەویش (سەرۆک بارزانی) پشتیوانییەکی گەورەیە.''

 زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە سێ مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت رێکنەکەوتون. گوتەبێژی یەکێتی پێیوایە، بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا، ''نابێت هەڵەکانی رابردوو دووبارە بکەینەوە، نابێت بە تەنیا خۆمان وەکو حیزبی دەسەڵاتدار ببینین، یەکێتی و پارتی پێکەوە دەسەڵاتدارن لە هەرێمی کوردستان، دەبێت هەوڵەکانمان لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە ئێمە بەرپرسیارێتیی هاوبەشمان هەیە.''

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا باس لە هیچ وەزارەتێک نەکراوە کە پشکی کامە لایەن بێت، ''ئەگەر ڤیتۆ لەسەر هەر بەربژێرێک هەبێت بۆ هەر پۆستێک، ئەوە شتێکی خراپە، چونکە هەم ئێمە و هەم پارتی کادیرانی خۆمان بە باشی دەناسین، بۆیە پێویستە کەسانێک دەستنیشان بکرێن کە توانای راپەڕاندنی کارەکانیان بە باشترین شێوە هەبێت.''

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق

 بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە 9ـی نیسانی 2025 بڵاویکردەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریکردووە. گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، ''ئێمە پێمان باشە لەکاتی هەڵبژاردن لە ناوچە کێشەلەسەرەکان رێکارێک پەیڕەو بکەین کە هیچ دەنگێکی کورد بەفیڕۆنەچێت، دەبێت خەڵک هان بدەین هەموو بەشداریی هەڵبژاردن بن.''

بەگوێرەی زانیارییەکان، بافڵ تاڵەبانی لە بەغدایە و لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسانی حیزبی و حکومی کۆبووەتەوە؛ سەعدی ئەحمەد پیرە لەوبارەوە گوتی، ''کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەیە، بۆیە سەردانی بەغدای کردووە و ئەو لایەنانەش دەبینێت.'' لە بەشێکی قسەکانیدا گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بە پەیوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و وڵاتانی ناوچەکە کرد. سەعدی ئەحمەد پیرە پێیوایە، ''پێویستە کاتێک پەرلەمان دەستبەکاربوو، سیاسەتی خۆمان بەرامبەر عێراق و وڵاتان دیاری بکەین، دەبێت هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی دیاریکراوی هەبێت.''

 گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد، ''پێویستە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی، هەموو لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان، چی ئەوانەی لە حکومەتدان، چی ئەوانەی ئۆپۆزیسیۆنن، لەسەر دیاریکردنی سیاسەتەکانمان بەرامبەر بەغدا و وڵاتان هاوئاهەنگ بن.''

سەرچاوە: ڕووداو