نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا دەکرێت

ماڵپەڕی فەرمیی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە میوانانی کۆڕبەندەکە، کە سبەی هەینی لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا دەستپێدەکات و سێ رۆژ دەخایێنێت.

نیسان 10, 2025 - 17:58
نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا دەکرێت

چوارەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا 2025 لەژێر ناونیشانی "گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسییەت لە جیهانێکی دابەشبوودا" بەڕێوەدەچێت. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ جاری سێیەم بانگهێشتی کۆڕبەندەکە کراوە، دوای ئەوەی لە کۆڕبەندی دووەم لە ساڵی 2022 و کۆڕبەندی سێیەم لە ساڵی 2024 بەشداری کرد.

 کۆڕبەندەکە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رێکدەخرێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و بەشێک لە بەرپرسە باڵاکانی وڵاتەکە و سەرۆکی وڵاتان، وەزیرانی دەرەوە و سیاسەتڤانان بەشداریی تێدا دەکەن. لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، جگە لە نێچیرڤان بارزانی، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بانگهێشتی کۆڕبەندەکە کراوە.

 یەکەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا، ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، ماڵپەڕی کۆڕبەندەکە لەبارەی کۆڕبەندی ئەمساڵ رایگەیاندووە: "زیادبوونی کەلێنە جیۆپۆلەتیکییەکان، قووڵبوونەوەی نایەکسانی جیهانی، زیادبوونی تووندوتیژی کە هاووڵاتییان دەکاتە ئامانج، نەبوونی لێبووردەیی بەرامبەر بیروبۆچوونە جیاوازەکان، نادڵنیاییەکانی بەرهەمی شڵەژانە تەکنەلۆژییەکان و کاریگەرییە فرەڕەهەندەکانی قەیرانی ژینگەیی، هەموویان هەستی هاوبەشی دادپەروەرییان تێکداوە و متمانەیان بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان لاواز کردووە. ناتوانایی سیستمی نێودەوڵەتیی ئێستا لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم ئاڵنگارییە هاوچەرخانە، زیاتر گوشاری خستووەتە سەر هەوڵەکانی هاوکاری کە پێشتریش گرفتار بوون."

کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا سەرکردە جیهانییەکان، سیاسەتڕێژان، ئەکادیمییەکان، پسپۆڕانی بازرگانی و هەروەها نوێنەرانی میدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی کۆدەکاتەوە بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی چۆن دیپلۆماسی دەتوانێت رەوتەکە بگۆڕێت و رێنماییمان بکات لە جیهانێکی دابەشبوودا بۆ دۆزینەوەی زەوینەیەکی هاوبەش بۆ کاری بەکۆمەڵ. ئامانجی کۆڕبەندی ئەمساڵی ئەنتاڵیا وەک لە ماڵپەڕەکەیاندا باسکراوە، "هاندانی گفتوگۆیە بۆ پێناسەکردنەوەی رۆڵ و بنەما سەرەکییەکانی دیپلۆماسی لە کەشێکی زیاتر جەمسەرگیردا. لە رێگەی گفتوگۆکردن لەسەر هۆکارە رەسەنەکانی کێشە جۆراوجۆرەکان، کۆڕبەندەکە سیاسەتڕێژان هاندەدات بیر لە چۆنێتیی بەڕێوەبردنی ئەم سەردەمە شڵەژاوە لەلایەن دیپلۆماسییەوە بکەنەوە."

سەرچاوە: ڕووداو