هەڵپەساردنی پێناسە گومرگییەکان لەلایەن ترەمپەوە ئارامیی بۆ بازاڕەکان گەڕاندەوە

دواخستنی پێناسە گومرگییەکان لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئاراستەی بازاڕەکانی جیهانی گۆڕی و بەهای بۆرسەکانی جیهان و نرخی زێڕی بەرزکردەوە.

نیسان 10, 2025 - 17:56
هەڵپەساردنی پێناسە گومرگییەکان لەلایەن ترەمپەوە ئارامیی بۆ بازاڕەکان گەڕاندەوە

بەهای بۆرسەی ناسداک 12٪ و بۆرسەی ژاپۆن 9٪ بەرزبوونەوە نرخی زێڕیش ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 10-4-2025) گەڕایەوە سەرووی 3100 دۆلار. جۆن رید، سەر بە ئەنجوومەنی جیهانی زێڕە و دەڵێ "واماندەزانی ئەمساڵ بەراورد بە پار، نرخی زێڕ ئەوەندە بەرزنابێتەوە، بەڵام هەڵە بووین. ناتوانین زۆر هۆکاری ئابووری بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لەمساڵدا بدۆزینەوە.  بەرزبوونەوەکە زیاتر پەیوەستە بە رووداوە سیاسییەکان و کاردانەوەی بڕیارە سیاسییەکان. ئەوەش کاریگەریی ئابووریی لێکەوتووەتەوە."

دۆناڵد ترەمپ، شەوی چوارشەممە، پێناسە گومرگییەکانی بۆ ماوەی 90 رۆژ لەسەر ژمارەیەک وڵات هەڵپەسارد، بۆ ئەوەی بوار بە دانوستاندن بدات.

 هوارد لاتنیک، وەزیری بازرگانیی ئەمریکا دەڵێ "سەرۆک ترەمپ رایگەیاندووە ئامادەی دانوستاندنە. پەیوەندییەکی زۆری تەلەفۆنیمان بۆ هاتووە لەلایەن هاوپەیمانەکانمانەوە، ژمارەکەی ئێجگار زۆرە. زۆر ئەستەمە بتوانی رێزی ئەو هەموو وڵاتە دۆست و هاوپەیمانە رابگری. زۆر لە وڵاتان بە ئێمەیان گوت ئامادەن دانوستاندن بکەن و بە راستیش هاوپەیمانەکانمان شیاوی ئەوەن گوێیان لێبگرین. لەبەرئەوەیە ترەمپ بڕیاری دا جێبەجێکردنی پێناسە گومرگییەکان هەڵپەسێرێت."

 شرۆڤەکاران پێیانوایە سەرەڕای پاشگەزبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا لە جێبەجێکردنی پێناسەکان، بەڵام هێشتا بازاڕ نیگەرانی و ترسی هەیە و بەرچاوی بازرگانان روون نییە. جۆش بۆک، شارەزای بازاڕە داراییەکان دەڵێ "پاشەکشەی ترەمپ لە پێناسە گومرگییەکان، ترسی لە سستبوونەوەی ئابووریی ئەمریکا کەمکردووەتەوە، بەڵام زۆر روونە هێشتا پێناسی گومرگیی 10٪ لە شوێنی خۆیدا ماوە. پێناسی گومرگیی سەر چینیش بەرزکراوەتەوە بۆ 125٪. هەرچەندە شتەکان باشترن لە 24 کاژێری رابردوو، بەڵام هێشتا کۆمپانیاکان بەرچاویان روون نییە."

جێگەی سەر سوورمان نییە، هەرچەندە رۆژی چوارشەممە نرخی نەوتی برێنت لە 60 دۆلارەوە گەڕایەوە نزیکەی 65 دۆلار، بەڵام رۆژی پێنجشەممە، دووبارە دابەزیوە بۆ نزیکەی 63 دۆلار و ئاراستەکەی بەرەو دابەزینی زیاترە.

سەرچاوە: ڕووداو