کافۆ بیرۆکەی ئەنچێلۆتی بۆ بەرازیل رەتدەکاتەوە

کافۆی ئەستێرەی وازهێناوی بەرازیلی، بیرۆکەی زۆری خۆی لەبارەی دەستنیشانکردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی بەڕاهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەربڕی و دەڵێ ئێمە پێنج مۆندیالمان لەگەڵ راهێنەری خۆماڵیدا بردووەتەوە.

ئارەی 4, 2025 - 19:10
کافۆ بیرۆکەی ئەنچێلۆتی بۆ بەرازیل رەتدەکاتەوە

کافۆ کە یەکێکە لە ئەفسانەکانی بەرازیل و مۆندیالی 2002ی لەگەڵ هەڵبژادەکەیدا بردووەتەوە، دەڵێ، "پێشتریش چەندینجار گوتومە کە ئەنچێلۆتی پێشوازی لێکراو دەبێت لە بەرازیل، بەڵام ئەو کەسانەی بۆیان هەیە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکەن، بریتین لە بەرپرسانی ریال مەدرید و بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل، تاوەکو ئێستا هیچ کام لەو دوو لایەنەش هیچ شتێکی فەرمییان لەبارەی هاتنی ئەو راهێنەرە بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل بڵاونەکردووەتەوە".

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری بینینی ئەنچێلۆتی بە پۆرتوگالی قسە بکات (زمانی فەرمیی بەرازیل پۆرتوگالییە)، کافۆ دەڵێ، "هیچ شتێک نییە ئەو فێری ببێت، زۆرینەی یاریزانەکانمان زمانی دیکە دەزانن. تۆپی پێ تاکە زمانە کە هەمووان لێی تێدەگەن و قسەی پێدەکەن بەچاوپۆشین لەوەی راهێنەر ئیتاڵی، یان پۆرتوگالی یان کۆڵۆمبی یان تەنانەت چینییە، گرنگ ئەوەیە کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل بڕیاری لێدەدات".

 کافۆ پاشتر باس لە بۆچوونی خۆی لەبارەی گرێبەستکردن لەگەڵ کارلۆ ئەنچێلۆتی دەکات و دەڵێ، "ئەگەر کارلۆ ببێتە راهێنەری بەرازیل بەگەرمی پێشوازی لێدەکرێت. بەڵام ئێمە تاکە هەڵبژاردەین پێنج نازناوی مۆندیالمان بردووەتەوە و هەموویمان لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرانی نێوخۆدا بەدەستهێناوە، ئەمە راستییەکەیە".

 ئەو هەروەها دەڵێ، "بابەتەکە ئەوە نییە کە من هاتنی راهێنەری بیانی رەت بکەمەوە، بەڵام من گرەو لەسەر راهێنەری نێوخۆیی دەکەم بۆ مۆندیالی داهاتوو، بەتایبەت کە تەنیا نزیکەی ساڵێک ماوە بۆ بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە".

 کافۆ هەروەها دەڵێ، "لەبەرئەوە دەبێ هەل بدەینە راهێنەری نێوخۆیی بۆ دروستکردنی سیستم و پلانێک کە بتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. دوای ئەوە بۆ مۆندیالی 2030 دەتوانین گرێبەست لەگەڵ راهێنەرێکی بیانیدا بکەین تاوەکو چوار ساڵ هەڵبژاردەکە بۆ مۆندیال ئامادە بکات".

 کافۆ کە پێشتر وەک راهێنەر لە ژێر سەرپەرشتی ئەنچێلۆتیدا کاری کردووە لەباسی کەسایەتیی ئەو راهێنەرەدا دەڵێ، "ئەو راهێنەرێکی ناوازەیە، هیچ کاتێک وەک تەنیا راهێنەر مامەڵەی لەگەڵ نەکردین، بەڵکو ئەو برا و هاوڕێی نزیکمان بوو، لە نێو یاریگە و دەرەوەی یاریگە. ئەو یارییەکانی زۆربەباشی دەخوێندەوە و بەڕێز و پێزانینەوە مامەڵەی لەگەڵ یاریزانان دەکرد، بۆ هەر شوێنێک چووبێت، ئەو هەر سەرکەوتوو بووە و هەر ئەوەش وا دەکات بەرازیل هەڵبژاردەیەکی براوەبێت لەگەڵ ئەودا".

 کافۆ لەگەڵ میلان لەژێر سەرپەرشتی ئەنچێلۆتی 166 یاریی ئەنجامداوە و لە وەرزی 2006 - 2007 نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ بەدەستهێناوە.

سەرچاوە: ڕووداو