پەرلەمانی تورکیا ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ دەکات
ماوەی دەسەڵاتی سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی تورکیا لە 7ی حوزەیران کۆتایی دێت. هەڵبژاردنی سەرۆکێكی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی خولی دووەمی 28ـەمین خولی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، لە 28ـی ئایارەوە دەستپێدەکات.

بەپێی یاسا، پەرلەمانی تورکیا لە یەک خولی یاساداناندا دوو هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات. ماوەی پۆستی سەرۆکی هەڵبژێردراوی یەکەم دوو ساڵە و ماوەی دەسەڵاتی سەرۆکی هەڵبژێردراوی دووەم تاوەکو کۆتایی ئەو ماوەیەی یاسادانان بەردەوام دەبێت.
بەهۆی تەواوبوونی ماوەی دەسەڵاتی نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە 7ی حوزەیران، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکێكی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە 28ـی ئایارەوە دەستپێدەکات.
لە 28ـی ئایارەوە ناوی بەربژێرەکان لە پێنج رۆژدا بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا بەرز دەکرێنەوە. دواتر لە پێنج رۆژدا پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ.
بڕیارە بەهۆی پشووی جەژنی قوربانەوە، هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی تورکیا لە 3 یان 4ی حوزەیران بکرێت. لە گەڕی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەماندا، زۆرینەی دوو لەسەر سێی کۆی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان کە 400 دەنگە، پێویست دەبێت. لە گەڕی سێیەمدا زۆرینەی رەها پێویست دەبێت کە 301 دەنگە.
ئەگەر لە گەڕی سێیەمدا زۆرینەی رەها بەدەست نەهێندرێت، ئەوا لە گەڕی چوارەمی دەنگداندا ئەو دوو بەربژێرە کێبڕکێ دەکەن کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە. ئەو بەربژێرەی لەو دەنگدانەدا زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت، وەک سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هەڵدەبژێردرێت و تاوەکو کۆتایی ماوەیەی یاسادانانی 28ـەمین خولی پەرلەمان لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.
سەرچاوە: ڕووداو