ترەمپ لەبارەی گفتوگۆی ئەتۆمیی ئێران گەشبینە و تاران دابەشبووە

گەڕی پێنجەمی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ئێران کۆتایی هات و هیچ رۆژێكیش بۆ گەڕی شەشەم دیاری نەکراوە.

ئارەی 27, 2025 - 11:54
ترەمپ لەبارەی گفتوگۆی ئەتۆمیی ئێران گەشبینە و تاران دابەشبووە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "هەندێ گفتوگۆی باشمان لەگەڵ ئێران هەبوو؛ با بزانین چی دەبێت. بەڵام پێم وایە دەکرێت هەندێ هەواڵی باش سەبارەت بە ئێرانمان هەبێت.. بەم نزیکانە گفتوگۆی ئێرانمان دەبێت. نازانم سبەینێ چی روو دەدات، بەڵام دەتوانم پێتان بڵێم گفتوگۆکان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن".

 شوێنی پیتاندنی یۆرانیۆم ئەو خاڵەیە درزێكی لە هەردوو بەرەی ئێران و ئەمریکا درووست کردووە.

 لە کانوونی دووەمی 2024، مەسعود پزیشکییان، سەرۆککۆماری ئێران گوتی، بۆ ئەوەی ئابووریی وڵات بگاتە 8٪ی گەشەی پێویست بۆ هەستانەوە، لانیکەم پێویستیان بە 250 ملیار دۆلارە؛ بۆ گەیشتن سازشی سیاسی پێویستە.

 بەرەی راستڕۆکان بە پاڵپشتی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ ئەوەدان پیتاندنەکە بە تەواوی لەنێو ئێراندا بکرێت؛ ئەوان لە 295 کورسییەکەی پەرلەمان 245 کورسییان هەیە و تاڕادەیەکی زۆر ئاراستەکەری سیاسەتی دەرەوەن.

 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: "لە دانوستانەکانی ئەم دواییەدا لایەنی عومانی چەند پێشنیازێکی بۆ لابردنی ئاستەنگەکان کرد کە خەریکە تاوتوێیان دەکەین."

 هەندێ سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن، عومان پێشنیازی کردووە بە زووترین کات گەڕی شەشەم لە مەسقەت بکرێت و تێیدا گەرەنتی بدرێتە لایەنی ئەمریکی کە "ئێرانێکی بێ چەکی ئەتۆم" دەمێنێتەوە، لەگەڵ مافی "پیتاندنی ئاشتییانەی یۆرانیۆم" لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران.

 یەکەم و سێیەم بەدڵی ئەمریکایە، بەڵام پیتاندنی ئاشتییانەی یۆرانیۆم لەنێو ئێران، لەگەڵ سیاسەتی ئیسرائیل ناگونجێت.

سەرچاوە: ڕووداو