دوای 60 ساڵ دەیان هەزار بەڵگەی نهێنی لەبارەی تیرۆرکردنی جۆن کەنەدی بڵاوکرایەوە؛ کێ تیرۆری کرد؟
دوای زیاتر لە 60 ساڵ لە کوژرانی، ئەرشیڤی نیشتمانیی ئەمریکا ژمارەیەک دۆسیەی لەسەر جۆن ئێف کەنەدی، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بڵاوکردەوە.

رۆژی سێشەممە 18ی ئاداری 2025 ئەرشیڤی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، "بەگوێرەی رێنوێنیی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، هەموو ئەو تۆمارانەی پێشتر راگیرابوون و بەشێکن لە کۆکراوەی تۆمارەکانی تیرۆرکردنی سەرۆک جۆن ئێف کەنەدی، بڵاوکراونەتەوە." ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، ترەمپ لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵ فەرمانێکی سەرۆکایەتیی بۆ بڵاوکردنەوەی دۆسیەی تیرۆرکردنی کەنەدی دەرکرد.
ئەرشیڤی نیشتمانیی ئەمریکا زیاتر لە 1100 فایلی بڵاوکردووەتەوە، کە زیاتر لە 80 هەزار لاپەڕەن. ترەمپ رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 80 هەزار لاپەڕەی دیکە بڵاودەکەنەوە. ئەرشیڤی نیشتمانیی ئەمریکا لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، ملیۆنان لاپەڕەی پەیوەست بە تیرۆرکردنی کەنەدیی بڵاوکردووەتەوە، بەڵام هێشتا تەواوی ئەو بەڵگەنامانە بڵاونەکراونەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا و دەستەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی رێگرییان لێی دەکرد.
لە کانوونی دووەمی 2022دا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا زیاتر لە 13 هەزار بەڵگەنامەی لەسەر کوژرانی جۆن ئیف کەنەدی بڵاوکردەوە.
بکوژی کەنەدی کێیە؟
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی بڵاوکراونەتەوە، کوژرانی کەنەدی دراوەتە پاڵ ئەندامێکی هێزی دەریایی ئەمریکا، کە ناوی لی هارڤی ئۆزئۆڵدە. هەروەها بەڵگەنامە نهێنییەکان دەریدەخەن، لی هارڤی لە رۆژی 22-11-1963 دوای دوو رۆژ لە کوشتنی کەنەدی دەستگیر کراوە؛ لەکاتی گواستنەوەشی بۆ بەندیخانەیەکی دیکە، لە رۆژی 24-11-1963 لەلایەن خاوەن یانەیەکی شەوانە بەناوی جاک روبی کوژراوە.
هەرچی لەبارەی هۆکارەکانی پشت کوشتنی کەنەدییەوەیە، بەڵگەنامەکان تاوەکو ئێستا هیچیان لەبارەیەوە ئاشکرا نەکردووە. بەڵگەنامەکان دەریدەخەن، لی هارڤی پەیوەندیی لەگەڵ سۆڤییەتی جاران هەبووە و لە ساڵی 1959 سەردانی سۆڤییەتی کردووە، لە 1962 گەڕاوەتەوە ئەمریکا، هەروەها دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا ئاگاداری ئەوە بووە کە لی هارڤی هاوسۆزیی لەگەڵ فیدڵ کاسترۆ، سەرۆکی ئەوکاتی کوبا هەبووە.
جۆن ئێف کەنەدی کێیە؟
ناوی تەواوی جۆن فیتزگیرارد کەنەدییە و لە ساڵی 1961 بووەتە 35ـەمین سەرۆکی ئەمریکا، تاوەکو 22-11-1963 لە پۆستەکەی بەردەوام بووە.
کەنەدی لە ساڵی 1917 لە ویلایەتی ماساچووسێتس لەدایکبووە و بڕوانامەی حکومڕانیی لە زانکۆی هارڤارد بەدەستهێنابوو.
لە جەنگی دووەمی جیهانیدا کەنەدی لە هێزی دەریایی ئەمریکا کاری کردووە، هەروەها لە ساڵی 1947 تاوەکو 1953 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بووە؛ لە 1953ـێش بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا.
سەرچاوە: ڕووداو