فەرەنسا لەبارەی ئاڵۆزییەکانی سووریا: دەبێت تاوانباران سزا بدرێن
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بڵاویکردەوە، سەرکۆنەی ئەو تووندوتیژییانە دەکەن کە بوونەتە هۆی بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل. داواش دەکات، لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری ئەو رووداوانە بکرێت.

رۆژی شەممە، 8ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا راگەیێندراوێکی سەبارەت بە تووندوتیژییەکانی رۆژئاوای سووریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە "دڵنیایی لە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بدرێت کە ببێتە هۆی ئاشکراکردنی راستییەکانی پشت ئەو تاوانانە". دەشڵێت، دەبێت "تاوانباران سزا بدرێن".
لە رۆژی پێنجشەممەوە، هەرسێ پارێزگای لازقییە، تەرتووس و بانیاس کە دانیشتووانەکەی زۆرینە عەلەوین، رووبەڕووی پێکدادانێکی قورس و خوێناوی بوونەوە. شەڕ لە نێوان دەسەڵاتی نوێی سووریا و چەند گرووپێک روویدا کە دەگوترێت لایەنگری دەسەڵاتی ئەسەدن.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی نەمسا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین گرژییەکان کەمبکەنەوە و تاوانبارانیش دادگایی بکەن". ئاماژە بەوەش دەکەن، پێویستە "دەسەڵاتی دیفاکتۆی سووریا دڵنیایی لە گواستنەوەیەکی سیاسی گشتگیر و ئاشتییانە بدەن."
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، تاوەکو ئێستا لەو شەڕانەدا 532 هاووڵاتیی سڤیلی عەلەوی کوژراون. عەلەوییەکان کەمینەیەکی ئایینیین و بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەش لە خۆیان بوو. لە 23.5 ملیۆن دانیشتووی سووریا نزیکەی دوو بۆ سێ ملیۆنیان عەلەویین.
تاوەکو ئێستا نازانرێت هۆکاری راستەقینەی رووداوەکان چی بوون و چی لایەنێك دەستپێشخەر بووە؛ بەڵام وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی نوێی سووریا هۆکارەکەی بۆ کوژرانی 15 ئەفسەری ئاسایش و پۆلیس لە بۆسەیەکی گرووپە چەکدارەکان لە پارێزگەی لازقییە گەڕاندەوە.
سەرچاوە: ڕووداو