پەرلەمانتارێکی عێراق: سوودانی پێیگوتم 'لەم هەفتەیەدا مووچە دەنێرین'

پەرلەمانتارێکی عێراق دەڵێت، لەگەڵ سوودانی کۆبوونەتەوە و پرسیاری مووچەی لێکردووە، ئەویش گوتوویەتی، "لەم هەفتەیەدا مووچە دەنێرین."

ئازاری 8, 2025 - 23:32
پەرلەمانتارێکی عێراق: سوودانی پێیگوتم 'لەم هەفتەیەدا مووچە دەنێرین'

 ئەمڕۆ شەممە، 08ـی ئاداری 2025، سروە محەممەد، ئەندامی لیژنەی ژن و خێزان و منداڵ لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەبۆنەی هەشتی مارسەوە، ئەمڕۆ لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبووینەوە."

سروە محەممەد گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا بە سەرۆکوەزیرانی عێراقم گوت، لەم هەشتی مارسەدا خەڵکی هەرێمی کوردستان گەورەترین گرفتی داراییان هەیە، کەی مووچەکەیان دەدرێت؟ سوودانی لە وەڵامدا گوتی: 'ئەم هەفتەیە دەینێرین."

 سەرەڕای ئەوەی مووچەی مانگی 12ـی پار نەدرا، تاوەکو ئێستاش (08.03.2025) مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە.

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "بە نووسراوی فەرمی داوای دروستکردنی دوو قوتابخانەی 12 پۆلیم لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی رزگاری کرد، سەرۆکوەزیرانیش رەزامەندی لەسەر دەربڕی."

 ئاماژەی بەوەشکرد، لە پێشنیازێکی دیکەدا، داوا لە سەرۆکوەزیران کراوە پەناگە (شێڵتەر)ی ژنان لە هەندێ پارێزگا نین و پێویستە دروست بکرێت، ئەویش بەڵێنی داوە پاڵپشتیی داواکاریییەکە بکات.

 دابەشكردنی مووچەی مانگی 1ـی ئەم ساڵ، 5ـی شوبات دەستیپێکرد.

سەرچاوە: ڕووداو