مێرتس پێشنیاز دەکات لووتکەی ترەمپ، پووتین و زیلینسکی لە ئەورووپا بکرێت

راوێژکاری ئەڵمانیا پێشنیاز دەکات لووتکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا؛ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە ئەورووپا بکرێت.

ئاب 17, 2025 - 09:23
مێرتس پێشنیاز دەکات لووتکەی ترەمپ، پووتین و زیلینسکی لە ئەورووپا بکرێت

رۆژی شەممە 16ی ئابی 2025 فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا سەبارەت بە ئەگەری کۆبوونەوەی سێقۆڵیی ترەمپ، زیلینسکی و پووتین بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "پێموایە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیی لەم جۆرە دەکرێت."

 دەشڵێت، "کات و شوێنەکەی دیارینەکراوە. ئێمە پێشنیازمان کردووە لە ئەورووپا بکرێت." رۆژی هەینی 15ی ئابی 2025 کاژێر 10:30ی شەو بەکاتی هەولێر ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئەلاسکا کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکەیان نزیکەی سێ کاژێر بەردەوام بوو.

 سەرۆکی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی زۆر چڕمان کرد. لەسەر ژمارەیەک خاڵ رێککەوتین. یەک بۆ دوو خاڵی گرنگ ماون، بەڵام پێموابێت دەتوانرێت رێککەوتنیان لەسەر بکرێت. ئەمەش کەوتووەتە سەر سەرۆک زیلینسکی بۆئەوەی رێککەوتنیان لەسەر بکرێت."

 یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم سەردانی سەرۆکی رووسیا بۆ ئەورووپا، بوونی فەرمانێکی دەستگیرکردنە، کە لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە - ICC دەرچووە. ئەم فەرمانە پەیوەندیی بە تۆمەتی رفاندنی بەکۆمەڵی منداڵانی ئۆکراینییەوە هەیە لە کاتی جەنگدا.

 ئەمریکا ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نییە، هەروەها هەنگاریا، کە وڵاتێکی یەکێتیی ئەورووپایە، لەژێر دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران ڤیکتۆر ئۆرباندایە و پەیوەندیی دۆستانەی لەگەڵ هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ و پووتین هەیە، لە پرۆسەی کشانەوەدایە لە پەیماننامەی دامەزراندنی دادگاکە.

 شوباتی 2022، رووسیا دەستی بە هێرشەکانی بۆسەر ئۆکراینا کرد. ئەم ساڵ چەند کۆبوونەوەیەک لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا کراون، بەڵام جگە لە رێککەوتن لەسەر گۆڕینەوەی دیلەکان، بەرهەمێکی ئەوتۆیان نەبووە.

سەرچاوە: ڕووداو