خامنەیی بۆ ئەمریکا: دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابین
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، بە هەوڵ و کۆششی پسپۆڕ و زانایانی ناوخۆیی، توانیویانە بگەنە قۆناخی خاوەندارێتیی سووتەمەنیی ئەتۆمی و ئێستا توانای بەرهەمهێنانی تەواوەتیی ئەو سووتەمەنییەیان هەیە، کە تەنیا ژمارەیەکی کەم لە وڵاتانی جیهان ئەو توانایەیان هەیە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی حوزەیرانی 2025 عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گوتارێکیدا رایگەیاند، "لەمەودوا بەردەوام دەبین لە پتەوکردنی تواناکانی گشتگیریی نیشتمانیمان، بەرگریکردن واتە رووبەڕووبوونەوەی هێزە گەورەکان و ملکەچ نەبوون بۆیان."
رێبەری باڵای ئێران دەڵێت، "زیاتر لە 1000 پیلانمان لە دژی وڵاتەکەمان پووچەڵ کردووەتەوە و وەڵامی هەندێکیان دراوەتەوە. پیلانەکان وڵاتەکەمانیان کردبووە ئامانج بۆ لاوازکردنی، بەڵام ئێمە لاواز نەبووین، بەڵکو تواناکانمان لە ناوخۆ و دەرەوەدا زیادیکرد."
خامنەیی پەنجەی تۆمەتی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل راکێشا و گوتی، "پیلانەکانی دژ بە وڵاتەکەمان لەلایەن وڵاتانی خۆبەزلزان، لەپێش هەموویانەوە ئەمریکا و رژێمی زایۆنی، سەرکردایەتی دەکران."
لەبارەی سەربەخۆیی نیشتمانییەوە رێبەری باڵای ئێران گوتی، "سەربەخۆیی نیشتمانیمان بە مانای پچڕاندنی پەیوەندییەکان نییە لەگەڵ جیهان و وڵاتانی دراوسێ، بەڵکو پشتبەستنە بە خۆمان. سەربەخۆیی واتە چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی ئەمریکا ناکەین و گەلەکەمان خۆی بڕیار دەدات."
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، "ئەو پێشنیازەی ئەمریکییەکان پێشکێشیان کردووە، بە تەواوی پێچەوانە و دژی گوتەی (ئێمە بەتواناین)ـە."
لە درێژەی لێدوانەکاندا هاتووە، "تەکنەلۆژیای ئەتۆمی بەبێ پرۆسەی پیتاندن نابێت. ئەمریکا نایەوێت ئێمە خاوەنی بەرنامەی ئەتۆمی بین، بۆئەوەی پێویستمان پێیان بێت لە چەندین بواردا.
تاران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت، ئەمریکا دەیەوێت بەرنامە ئەتۆمییەکەمان هەڵبوەشێنێتەوە."
خامنەیی جەختی لە پێشەنگیی وڵاتەکەی لە ناوچەکە کردەوە و گوتی، "پێشکەوتنی زانستی، تەکنیکی و تواناکانی بەرگری کە بەدەستمان هێناون، تواناکانی ئێمەیان سەلماندووە. بەرزکردنەوەی ئاستی تواناکانی بەرگریمان، ئێرانی خستووەتە پلەی یەکەم لە ناوچەکەدا." 23ی ئایار، ئێران و ئەمریکا پێنجەم گەڕی دانوستاندنیان لە رۆما تەواو کرد و رایانگەیاند، "لە داهاتوویەکی نزیکدا" دەست بە گەڕی شەشەم دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا کات و شوێنەکەیان دیاری نەکردووە.
2ی حوزەیرانی 2025 دیپلۆماتێکی باڵای ئێرانی، کە نزیکە لە تیمی دانوستاندنەکانی ئەو وڵاتە، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند، "ئێران خەریکی ئامادەکردنی وەڵامێکی نەرێنییە بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا کە دەکرێت وەکو رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی ئەمریکا لێکبدرێتەوە."
پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی، رۆژی شەممە لەلایەن بەدر حەمەد بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومانەوە پێشکێشی ئێران کرا، کە لە سەردانێکی کورتدا لە تاران بوو و نێوەندگیریی دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتنی دەکرد.
دوای 5 گەڕی گفتوگۆ لەنێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هێشتا چەندین ئاستەنگ ماون. یەکێک لە ئاستەنگەکان ئەوەیە کە واشنتن داوا لە تاران دەکات پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت، پێشنیازی کردووە کە ناوەندێکی هەرێمی لە دەرەوەی ئێران یۆرانیۆم بۆ تاران بپیتێنێت، ئێرانیش ئەمە رەتدەکاتەوە.
دیپلۆماتە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەڵوێستی ئەمریکا لە پێشنیازەکەیدا وەکو خۆی ماوەتەوە و هیچ روونکردنەوەیەکیشی لەسەر هەڵگرتنی سزاکان نەداوە. تاران داوای لابردنی دەستبەجێی هەموو ئەو سزایانەی ئەمریکا دەکات کە زیانیان بە ئابوورییەکەی گەیاندووە، بەڵام ئەمریکا دەڵێت، سزاکان دەبێت بە قۆناخبەندی هەڵبگیرێن.
دەیان دامەزراوەی گرنگی ئابووریی ئێران، لەنێویاندا بانکی ناوەندی و کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت، لە ساڵی 2018ـەوە خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکا، هۆکارەکەیشی بەگوتەی واشنتن، "پشتگیریکردنی تیرۆر و بڵاوکردنەوەی چەکە."
لەوکاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ـی بەسەر ئێراندا سەپاندووەتەوە و هەڕەشەی بۆردوومانکردنی تاران دەکات. ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا لە ساڵی 2018، لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ـی تاران کشایەوە و سزاکانی سەپاندەوە، ئێرانیش لە بەرامبەردا پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاتر کرد.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئێران لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان، چالاکییە هەستیارە ئەتۆمییەکانی سنووردار کردبوو.
سەرچاوە: ڕووداو