حکومەت لەبارەی مووچە کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و سێ بڕگە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەن. یەکەمیان تایبەتە بە مووچەی مووچەخۆران.

بەپێی راگەیێندراوی خۆیان، بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پرسی مووچە لەلایەن سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دەخرێتەڕوو.
تەوەرێکی دیکە کە لە کۆبوونەوەکە باس دەکرێت: خستنەڕووی نووسراوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانە بۆ لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیری بۆ کوڕ و کچی شەهیدان.
لە راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، پرسی گرێبەستی کارمەندان لەسەر بودجەی پەرەپێدان و داهات و پێشینەی بەردەوام و کرێی رۆژانە تاوتوێ دەکرێت کە وەزارەتی دارایی بە نووسراو ئاراستەی کردوون.
کۆبوونەوەکە رۆژێک دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە کە هیچ بڕیارێکی لەبارەی مووچەی هەرێمی کوردستانەوە تێدا نەدرا.
تاوەکو ئێستا بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە کە وابڕیار بوو پێش جەژن بنێردرێت، دوای ئەوەی چوارشەممەی رابردوو وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، چی دیکە تەمویلی مووچەی هەرێمی کوردستان ناکات.
دوای هەفتەیەک هەوڵدان لە رێگە جیاوازەکان و دادگەی فیدراڵییەوە، تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ ناردنی مووچە لە پێش جەژنی قوربان کە 6-6 دەکات، نییە.
ڕووداو